کارمەندێکی بەرگریی شارستانی لە گەرمیان لەکاتی ئەرکدا بە گولـلە خۆی کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
کارمەندێکی بنکەی بەرگریی شارستانیی ناحیەی باوەنووری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، لە کاتی دەوامدا بە چەکەکەی، خۆی کوشت، پۆلیسی گەرمیانیش دەستی بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە.
 
عەلی جەمال قدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8-9-2020 کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ناحیەی باوەنوور بەناوی (م. م. س)ی تەمەن 30 ساڵ بە چەکی کڵاشینکۆف فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و خۆی کوشتووە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی: "ئەو کارمەندە لەکاتی ئەرکدا خۆی کوشتووە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە بۆ توێکاری و وەرگرتنی راپۆرتی پزیشکی".
 
پۆلیس پەراوی لێکۆڵینەوەی بۆ دۆسیەکە کردووەتەوە بۆ زانینی هۆکاری خۆکوشتنی ئەو کارمەندەی  بەرگریی شارستانیی ناحیەی باوەنوور.