شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد

ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغدا و یەكەم كۆبوونەوەشیان لەگەڵ شاندی باڵای حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكوەزیران بەڕێوەچوو. 
 
سە‌میر ھە‌ورامی، گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵ لە بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، بە‌تایبە‌ت پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 بە‌ڕێوە‌چوو.
 
گوتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان.
 
دەشڵێت، چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.
 
 ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێمی کوردستان ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نا نە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان.