راگەیێندراوی كۆبوونەوەی سەركردایەتی سیاسی كورد
رووداو- هەولێر
كۆبوونەوەی سەركردایەتیی كوردستان گفتوگۆی ئەو ئاریشانەی كرد كە تایبەت بوون بە دامەزراندنی حكومەتی عێراق، چەند گفتوگۆیەك ئەنجامدران دەربارەی ئیستیحقاقاتی هەرێمی كوردستان، لەوانە ئەو بڕیارانەی تایبەت بوون بە پێداچوونەوەی پرۆسەی سیاسی و بەهای پێكەوەژیان و تەوافوق.
هەروەها سەركردایەتیی كوردستان پشتگیری لە بەڕێز عەبادی كردووە بۆ راسپاردنی حكومەت، بەرەنگاری ئەو تەنگژانەش دەبووەوە كە دەهاتە پێش حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی. ئێمە هەموو قۆناخەكانی گفتوگۆمان بڕی، كە تایبەت بوون بە پێكهێنانی حكومەت و نەرمیمان نواند و هەماهەنگیش بووین، هەروەها وەڵامی تێڕوانین و بۆچوونەكانی ئەوانی دیكەمان دایەوە.
ئەو وەرەقانەی بەڕێز عەبادی پێشكەشی پەرلەمانی كردبوو بەشێوەیەك داڕێژرا لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ دەربازبوونی عێراق لەو قۆناخەی تێیكەوتووە بۆئەوەی وەڵامی هەموو هاوپەیمان و لایەنەكان بداتەوە.
بۆیە هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەشداری لە حكومەتی عێراق بكات و ئەو هەلەش بە حكومەت دەدەین بە خستنەڕووی چەند خاڵێك، كە بریتین لە:
یەکەم: هەڵپەساردنی کارنامەی پێشنیازکراو لەلایەن بەڕێز عەبادییەوە و گەنگەشەکردنەوە لەسەر نێوەڕۆکەکەی بۆئەوەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی حکومەت یەکبخرێن و کێشەی بۆ سازنەبن. هەروەها سازدانی گفتوگۆ لەنێوان بەشدارانی حکومەتدا بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کارنامەکە لەماوەی سێ مانگدا.
دووەم: دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دانانی پشکی کورد لە وەزارەتەکاندا و تەرخانکردنی بەشی شایانی رۆڵیان.
سێیەم: پێکهێنانی لێژنەیەک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، لەماوەی هەفتەیەکدا، دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پێدانی بودجەی نەدراوی کوردستان کە لە مانگی یەک تاوەکو نۆی ٢٠١٤ بووە.
چوارەم: لێکۆڵینەوە لە مەسەلەی نەوت و گاز و دابەشکردنی داهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە نەوت و غاز لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لەماوەی سێ مانگدا.
پێنجەم: چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی هەن لەسەر مادەی ١٤٠ و پێشمەرگە و ئاسانکاری لە بواری فڕۆکەوانیی مەدەنی و دیموکراسی و تەواوکردنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵی و راگرتنی هاوسەنگی و لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆییان و شێوازی بڕیاردان لە وڵاتدا.
شەشەم: دەستکردن بە خەرجکردنی مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی مانگی نۆوە.
ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا پابەندی نەبیندرا بەو خاڵانەی سەرەوە سەرکردایەتیی کوردستان بڕیاری گونجاوی خۆی دەدات.