کۆمیسیۆن دوو تێست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەم مانگەدا دوو تێست بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامێرەکان و راهێنانی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن بۆ رۆژی هەڵبژاردن.
 
داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێککارەکان و راهێنان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ باشتر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دڵنیابوونەوە لە ئامێرەکانی دەنگدان و ناردنی ئەنجامەکان، رۆژانی 12 و 25ـی ئەم مانگە دوو تیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت."
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرەی کۆمیسیۆن دوو تێستەکە لە 181 وێستگەی دەنگدان دەکرێت، لەوانە 53 وێستگەی دەنگدانی گشتی و سێ وێستگەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای هەولێر، 41 وێستگەی دەنگدانی گشتی دوو وێستگەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای دهۆک، 74 وێستگەی دەنگدانی گشتی و دوو وێستگەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی. هەروەها پێنج وێستگەی دەنگدانی گشتی و یەک وێستگەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای هەڵەبجە.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان ،کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بکرێت.