کاردیناڵ لویس ساکۆ داوای نوێژی هاوبەش لە کەنیسە و مزگەوتەکان دەکات

21 خولەک له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیک لە عێراق و جیهان، بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، داوا لە کریستیان و موسڵمانان دەکات لە کەنیسە و مزگەوتەکاندا نزا و نوێژی هاوبەش بکەن. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2024، لە سایتی فەرمیی پاتریارکی کلدانی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەدەستی داعش، پەیامێکی کاردیناڵ لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیک لە عێراق و جیهان بە ناونیشانی "ئاخۆ ئاسۆی رێگەی ئاشتی لەناوچەکەماندا بەدی دەکرێت؟" بڵاوکردەوە.  
 
کاردیناڵ لویس روفائیل ساکۆ، لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی: "سەرباری تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر تاوانەکانی رێکخراوی داعش و کۆچکردنی کریستیانەکان و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان؛ تاوەکو ئێستاش گەلانی ناوچەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین. لە خاکە پیرۆزەکاندا کوشتن و ئاوارەیی و ماڵوێرانی و لەناوبردن روودەدات. هەڵکشاندن بۆ جەنگ گەیشتووەتە لووتکە و بەهۆیەوە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دووڕیانێکی مەترسیداردایە." 
 
کەنیسەی کلدانی کاسۆلیک لە عێراق و جیهان دەشڵێت: "ئەگەر عەقڵمەندان و دەسەڵاتدارانی جیهان هەنگاو بۆ راگرتنی تووندوتیژییە بەردەوامەکان نەگرنەبەر، کە خەریکە ژیانی هەزاران کەس دەکاتە ئامانج و ماڵ و ژێرخانەکان وێران دەکات، ئەوکات لە بارودۆخێکی کارەساتبارتردا دەژین." 
 
کاردیناڵ لویس ساکۆ، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە: "هەمووان بانگەشەی راگرتنی شەڕ دەکەن، بەڵام خۆیان پڕچەک دەکەن و دەجەنگن. پێویستە ئاشتیی ببێتە پابەندییەکی یەکلاکەرەوە. ئێمەی گەلانی ناوچەکە، پێکەوە دەژین و ناتوانین بەتەنیایی و لە گۆشەگیریدا بژین. هیچ کات جەنگ چارەسەر نییە! هەمووان تێیدا دۆڕاون. پاپا فرانسیس چەندینجار ئەمەی دووپاتکردووەتەوە." 
 
پێداگری لەوەش دەکات کە "ئەمڕۆ، لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بەوەیە پەند لە رابردوو وەربگرین بۆ ئەوەی نەهامەتییەکان دووبارە نەبێتەوە. پێویستە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی و سەقامگیری. بە کاری خێر دەتوانین بەسەر خراپەکاریدا زاڵبین. بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بەسەر جەنگدا زاڵبین، هەروەها بە رێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتیی دەتوانین بەسەر فەرامۆشکردن زاڵبین." 
 
دەشڵێت: "خەڵکی لەنێو ترس و بێئومێدیدا خنکاون. خوا ئێمەی دروستکردووە بۆ ئەوەی بژین، بۆ ئەوە دروستی نەکردووین کە لە نەهامەتییەدا بمرین. پێویستە پێکەوە هەوڵ بدەین لە ئاشتی و تەبایی و خۆشیدا بژین." 
 
کاردیناڵ ساکۆ، رووی دەمی دەکاتە رۆژئاوا: "پێویستە رۆژئاوا لە بازنەی ئەو گوتارانەیان بچنە دەرەوە کە پێش و پاش ناخات. دەستبەرداری ناکۆکییە بەوەکالەتەکان بهێنن و کاری رژد بکەن لەپێناو ئاشتیی و سەقامگیری لە هەموو شوێنیکدا. جەنگی رووسیا و ئۆکراینا سێ ساڵە کۆتایی نەهاتووە." 
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کاردینال لویس روفائیل ساکۆ، نووسیویەتی: "پێویستە مەرجەعە ئاینییەکانی کریستیان و ئیسلامی و جووەکان دەنگیان لە دژی هەموو ئەو کەسانە بەرز بکەنەوە کە هانی رق و تووندڕۆیی دەدەن و دەهۆڵی جەنگ دەکوتن. داوا لە کەنیسەکانمان لە رۆژهەڵات دەکەم نزای ئومێد بکەن هاوشێوەی نزاکانی پاپا فرەنسیس بۆ ئەوەی ببینە "حاجیانی ئومێد" بۆ ساڵی پیرۆزی 2025. پێشنیازی نوێژی هاوبەش لە کەنیسە و مزگەوتەکان دەکەم بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی لە ناوچەکەمان." 
 
پەیامەکەشی بەم نزایە کۆتایی پێدەهێنێت: "خوای گەورە ئاشتی دەخوازین، ئاشتی بە جیهان ببەخشە."   
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ئەندامێکی فراکسیۆنی عەرەبی لە کەرکووک: چانسی گەورەی پارێزگاربوون بۆ راکان جبوورییە

سەلوە ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "راستییەک هەیە لە هەمووان شاردراوەتەوە. وەک کوتلەی عەرەبی یەکەمجار پێشنیازمان کرد و کاخەزی دانوستاندنمان لەگەڵ یەکێتیدا کردەوە، بەڵام قبووڵیان نەبوو، بۆیە جارێکی دیکە کاخەزی دانوستاندنمان لەگەڵ هاوپەیمانی ستراتیژمان بەرەی تورکمانی و پارتی کردەوە، بۆ پۆستی پارێزگار وەک نەتەوەی عەرەب تائێستا لەسەر کەسایەتییەکی دیاریکراو رێکنەکەوتووین، تەنیا ئەوەیە کەسی بەربژێر دەبێ لەنێو شەش ئەندامە سەرکەوتووەکەدا بێت و بەدڵنیاییەوە بەڕێز راکان قبوڵکراوە و جەماوەرییە و لەنێو پرۆسەی سیاسیدایە، بۆیە یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان."