چوار رۆژە ماسییەکانی بەنداوی باوەشاسوار مردار دەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی چوار رۆژە ماسییەکانی بەنداوی باوەشاسوار سەر ئاو دەکەون. بەرپرسان دەڵێن ئاوەکە ژەهراوی کراوە و ماسییەکان مرداربوونەتەوە، بڕی ژەهرەکەش پێدەچیت زۆر بێت چونکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
عەزیز کەریم، بەڕێوبەری بەنداوی باوەشاسوار دەڵێت: "بینیمان ماسییەکی زۆر بە شەپۆل دێن بەرەو کەناری ئاوەکە. هەمووی مرداربوویەوە بۆنێکی زۆری لێدەهات تەنانەت هەتا لای فەرمانگەکەی ئێمە دەهات، ئنجا هەستمان کرد ماسی مرداربوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر سەر ئاوەکە کەتووە. لاشەکەشی تێکچووە." 
 
ماسییەکان بە تەنیا نا، بەڵکو باڵندە ماسیگرەکانیش زیانمەندی سەرەکین. پشکنینەکانی ڤێتێرنەریی کفری ژەهراویبوونەکەیان پشتراستکردووەتەوە. هەرچەندە ماسییەکان بۆ خواردن شیاو نین، یەک لە راوچییەکان خەریکی راوکردن بوو. 
 
عیماد عەزیز، بەڕێوبەری ڤێتێرنەریی کفری دەڵێت: "ئەو رۆژەی کە ماسییەکی زۆر مردار بوویەوە، چەند ماسییەکمان هێنا بۆ پشکنین. لێرە پشکنیمان بۆ کرد، دەرکەوت ماسییەکان ژەهراوی بوون، ناوسکیان هەمووی رەش بوو، بە مادەی قڕکەر ژەهراوی بوون."
 
بەنداوی باوەشاسوار بۆ گلدانەوەی ئاو پشت بە باران و چەمە وەرزییەکان دەبەستێت، توانای گلدانەوەی 6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، رۆژانە نزیکەی 30 راوچی لە بەنداوەکە راوەماسی دەکەن.