ئەندامێکی فراکسیۆنی عەرەبی لە کەرکووک: چانسی گەورەی پارێزگاربوون بۆ راکان جبوورییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەی لایەنە براوەکانی کەرکووک بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ئیدارەی پارێزگا لە بەغدان. کۆبوونەوە و دیدارەکان بەردەوامن تا بگەنە ئەنجام. ئەندامێکی فراکسیۆنی عەرەبیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، راکان جبووری چانسی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی وەکو پارێزگار هەڵبژێردرێت.
رووداو زانیویەتی، لەدوای کۆبوونەوەکەی هەولێریان، هەرسێ لایەنی هاوپەیمانیی عەرەبی و بەرەی تورکمانی و پارتی لە هەوڵی رازیکردنی یەکێتیدان تا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پرسی پێکهێنانی ئیدارەکە یەکلایی بکەنەوە.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی کوتلەی تورکمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: "پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک پێویست دەکات بە رێککەوتنی نەتەوەکان و کوتلە براوەکان بێت، بەتایبەت پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن بەشێوەی خولی بێت. ئەوە زۆر پێویستە. تائێستا لەسەری رێکنەکەوتووین. چەندین کۆبوونەوە لە بەغدا و هەولێر کراون. ئومێدەوارین دەرئەنجامی باشیان هەبێت."
فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگا لە سێ لایەن پێکدێن، هەرسێکیان چاویان لە پۆستە باڵاکانە، بەڵام بەگوتەی ئەندامێکی فراکسیۆنی عەرەبی، پارێزگار یەکێک لە شەش ئەندامە عەرەبەکەی ئەنجوومەن دەبێت و چانسی گەورە بۆ راکان جبوورییە.
سەلوە ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "راستییەک هەیە لە هەمووان شاردراوەتەوە. وەک کوتلەی عەرەبی یەکەمجار پێشنیازمان کرد و کاخەزی دانوستاندنمان لەگەڵ یەکێتیدا کردەوە، بەڵام قبووڵیان نەبوو، بۆیە جارێکی دیکە کاخەزی دانوستاندنمان لەگەڵ هاوپەیمانی ستراتیژمان بەرەی تورکمانی و پارتی کردەوە، بۆ پۆستی پارێزگار وەک نەتەوەی عەرەب تائێستا لەسەر کەسایەتییەکی دیاریکراو رێکنەکەوتووین، تەنیا ئەوەیە کەسی بەربژێر دەبێ لەنێو شەش ئەندامە سەرکەوتووەکەدا بێت و بەدڵنیاییەوە بەڕێز راکان قبوڵکراوە و جەماوەرییە و لەنێو پرۆسەی سیاسیدایە، بۆیە یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان."
گەورەترین گرێ وێرەی پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک، ئەو یاسا سەپێندراوەیە کە تەنیا بۆ کەرکووک دەرچووە بێ گوێدانە لایەنی براوە، رەزامەندی سەرجەم لایەنەکانی کردووەتە مەرجی پێکهێنانی ئیدارەی نوێ.