رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە دەکات لە بەشداریپێکردنی مامۆستایان لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، لەپێشترێتی بدرێتە مامۆستایانی وانەبێژ.
ئەو داواکارییە لەلایەن ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکی تایبەت بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، راپەڕین، زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە "تاوەکو مامۆستای وانەبێژ هەبێت، نابێت مامۆستای میلاک دابنێن، لەو شوێنانەی ژمارەی مامۆستای وانەبێژ پێویست نەبوو، ئەوا بە مامۆستای میلاک پڕبکرێتەوە."
هەروەها هاتووە "ئەو مامۆستایانەی لە پرۆسەکەدا بەشدار دەبن، ئاگاداربن؛ بەهیچ جۆرێک کاریگەری نەخاتە سەر پرۆسەی خوێندن."
وەزیری پەروەردە داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەکان دەکات، هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەن.
عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی بەلاوە پەسندە و بە رووداوی رایگەیاند "بڕیارەکە لە شوێنی خۆیەتی، چونکە مامۆستایانی وانەبێژ دەتوانن بۆ رۆژی سەرژمێری ئامادە بن و لەبەرامبەردا بڕە پاداشتێکی داراییان پێدەدرێت کە بۆ ئەوان پێویستە."
نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوە دا؛ لەبەرنامەیاندا هەیە داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بکەن، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەمان هەنگاو بگرێتەبەر.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات.
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان مانگانە نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ