دەزگای روانگە 50 بزنسی بچووک بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دابین دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
 گۆڤار حارس، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە.
گۆڤار حارس، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای روانگە لە سۆران پڕۆژەیەک رادەگەیێنێت کە تێیدا 50 بزنس بۆ خێزانە کەمدەرەامەتەکان دابین دەکات، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگاکە دەڵێت، ''پڕۆژەکە تەنیا پێدانی پارە نییە، بەڵکو فێری مارکێتینگ و و دۆزینەوەی کڕیار دەکرێن.''
 
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-08-2024، دەزگای روانگە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی دارایی، ژمارەیەک بزنسی بچووک لە شاری سۆرانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ گەنجان دابین بکات. گۆڤار حارس، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگاکە لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی و نالین حەسەن پێشکێشیان کرد، رایگەیاند: ''ناوی پڕۆژەکە 'وەرچەرخان'ـە و لەسەر بنەمای هاوکاریکردن و دامەزراندنی 50 بزنسی بچووکە بۆ 50 خێزانی کەمدەرامەت.''
 
لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا هەوڵدەدرێت بازاڕێک بۆ 50 خێزانی کەمدەرامەت دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەم و کارامەییەی کە هەیانە، بتوانن لە نێو بازاڕەکەدا ساخی بکەنەوە و لەو دۆخە داراییەی کە تێیدان بە تەواوی رزگاریان بێت.
 
گۆڤار حارس لەبارەی جۆری بەرهەمەکانی ئەو 50 بزنسە بچووکە گوتیڵ ''بە پاڵپشتیی کۆمپانیای هێمن گروپ کە پارەیەکی باشیان دابینکردووە، بزنسی جۆراوجۆر دەخرێنەگەڕ؛ لەوانەش دروومان، چێشتخانە، میوەفرۆشی، بەرهەمی ئاژەڵی و فڕنیی سەموون.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە، تیمەکانی دەزگاکە بۆ کڕینی ئەو پێداویستییانەی بۆ خستنەسەرپێی بزنسەکان پێویستن، لە شاری سۆرانن. گوتیشی، پڕۆژەکە تەنیا پێدانی پارە نییە بەڵکو فێر دەکرێن کە چۆن سۆشیاڵ میدیا بۆ دۆزینەوەی کڕیار بەکاربهێنن.
 
وەک گۆڤار هارس ئاماژەی دا، بۆ هەڵبژاردنی 50 خێزانەکە، لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاوئاهەنگی کراوە و لیستی ئەو خێزانانە وەرگیراوە کە دۆخی داراییان خراپە، نەخۆشیان لە ماڵەوە هەیە یان کرێچین.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، جیا لەو پڕۆژەیە، بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی GIZی ئەڵمانیا، پڕۆژەیەکی گەورەتر بە ناوی ''بەهێزکردنی لاوان'' جێبەجێی دەکرێت کە 150 بزنس لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بۆ گەنجان دابین دەکات.
 
بۆ وەگەڕخستنی 150 بزنسەکە گۆڤار حارس گوتی، ئەو شوێنانە هەڵدەبژێردرێن کە دەرفەتی کاریان تێدا کەمە، نەک شارەکان.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە لەبارەی چالاکییەکانی دیکەی دەزگاکە ئەوەشی خستەڕوو: ''وەکو یەکەم رێکخراوی نێوخۆیی لە سەرانسەری عێراق، بۆ یەکەمجار لەگەڵ حکومەتی دانیمارک بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک لە نێوامانماندا بێت، رێککەوتووین پاڵپشتییەک بۆ ئەو گەنجانە وەربگرین کە لە ئەرووپا گەڕاونەتەوە.''
 
بەگوتەی گۆڤار حارس تاوەکو ئێستا 24 کەس لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک سێ جار راهێنانی پیشەییان لەسەر چۆنیێتیی دروستکردنی بزنس پێکراوە.
 
دەزگای روانگە لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانییەوە لە ساڵی 2013ـدا دامەزراوە و چالاکییەکانی گەشەپێدانی ئابووری، تواناسازیی گەنجان، پاراستنی ژینگە، کاری خێرخوازی و چەندین بواری دیکە لەخۆدەگرێت. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئالان یاسین.

لە دەربەندیخان چەند کەسێک هێرشدەکەنە سەر نیڤشکانێک؛ 'سووکایەتی پێکراوە و بە کورسی لێیدراوە'

گەنجێکی تەمەن 36 ساڵی نابیست و ناگۆ، بەگوتەی کەسوکارەکەی چەند کەسێک رێگەیان پێگرتووە و لێیانداوە، بەهۆیەوە پەنجەیەکی دەستی شکاوە و پشت و سنگیشی ئازاری پێگەیشتووە.