رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دهستهى پاراستن و چاككردنى ژينگهی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی ژینگەییەوە، لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە شەش هەزار پرۆژەیان داوەتە دادگە و مۆڵەتپێدانیان بە 83 پڕۆژەش رەتکردووەتەوە، دەشڵێت: "دامەزراندنی دادگەیەک بۆ پرسەکانی ژینگە زۆر پێویستە."
عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی دهستهى پاراستن و چاككردنى ژينگهی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پرۆژانەی درانەتە دادگە بەهۆی پێشێلکردنی مەرجە ژینگەییەکانەوە پێشتر سزادراون و پێیانگوتراوە سەرپێچییەکانیان چاک بکەنەوە، کە نەیانکردووەتەوە دەدرێنە دادگە."
گوتەبێژی دەستەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پێبژاردنی ئەو پڕۆژانەی مەرجەکانی ژینگە پێشێل دەکەن، گوتیشی: "ئەو پرۆژانەی سزادراون پرۆژەی کشتوکاڵی، پیشەسازی و تەندروستی و پرۆژەی دیکەشن."
عەبدولڕەزاق خەیلانی دەڵێت، چەند جارێک بە نووسراوی فەرمی داوایان لە حکومەت کردووە، دادگەیەک بۆ پرسە ژینگەییەکان دابمەزرێت و فەرمانبەری بۆ دیاری بکرێت، چونکە ژمارەی سکاڵاکانی پەیوەست بە ژینگە زۆرن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەهۆی دەرکەوتنی ئەنجامی توێژینەوەی تایبەت بە ژینگە و پیس دەرکەوتنی ژینگەی هەولێر، لەگەڵ بابەتی پاڵاوگە نایاساییەکان و بڕیاری داخستنیان، ژینگە بووەتە مژاری رۆژ.
رۆژی یەکشەممە، 04-08-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەو 138 پاڵاوگە نایاساییەی لە هەولێر هەن، گوتی: "دەبێت دابخرێن. داوا لە خاوەنەکانیشیان دەکەین لە ئێستاوە پاڵاوگەکان دابخەن، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دیکە بەدوایدا دێت."
دواتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "جگە لە هەرسێ پاڵاوگەی كار و لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و رێنوێنییەكانی وەزارەت كار دەكەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ