رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ سەردانیکردنی پارێزگای کەرکووک چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە دەکات و دەڵێت، پێدەچێت پێکهێنانی حکومەتەکە کاتی پێویست بێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2024، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە وێستگەی کارەبای قەزای دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک کردەوە کە بە گاز کاردەکات، سوودانی رایگەیاند: "ئێمە ئارەزوومان دەکرد لە پارێزگای کەرکووک ئامادەبین، پێمانخۆشبوو چاوەڕێی هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی بکەین، بەڵام پێدەچێت پێویستی بە کات بێت، بۆیە پێمانباشبوو کردنەوەی وێستگەکە لەرێگەی ئەم ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بێت."
نزیکەی هەشت مانگ دەبێت، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کراوە، بەهۆی ناکۆکیی پێکهاتە و لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنەکەوە، پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک دواکەوتووە.
هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە 18-12-2023، بەڕێوەچوو، لە کەرکووک ئەنجامەکان بەشێوەیەکن هیچ پێکهاتەیەک ناتوانێت بەتەنیا حکومەتی خۆجێی دروستبکات، لە 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنەکە، کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی و کریستیانیش یەک کورسییان هەیە.
سەبارەت بە کردنەوەی وێستگەی کارەبای دوبز، کە سوودانی بە یەکێک لە کۆنترین پڕۆژە راگیراوەکانی عێراق لە هەموو کەرتەکان هەژماریکرد و گوتی لەساڵی 2004ـەوە راگیراوە، گرێبەستەکەی لە کۆتایی ساڵی 2022 کرا. سوودانی گوتی: "سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ کار بۆ تەواوکردنی ئەم وێستگەیەیە دەکەین کە 320 مێگاواتە، بەدڵنیاییەوە ئەو بڕە وزەیە کە زۆر پێویستمانە دەخرێتە نێو تۆڕی نیشتمانییەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی نەهێشتنی جەنجاڵیی سەر تۆڕەکانی کارەبای بەمنزیکانە راگەیاند و گوتی: "لەسەر ئاستی گواستنەوەشدا ژمارەیەک پڕۆژەمان تەواوکرد و ژمارەیەکیشیان بەردی بناخەیان بۆ دانراوە، بەتایبەت وێستگەکانی 400 مێگاواتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ