405 فەرمانبەری گرێبەست لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین دادەمەزرێندرێن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان دەرکرد، لە نێو بڕیارەکان دامەزراندنی 405 کەس و دابینکردنی 123 ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک هەیە، جگە لە زیادکردنی پێشینەکان بۆ دوو هێندە و زیاتر و تەرخانکردنی بودجە بۆ ژمارەیەک لە دامەزراوەکان و تەرخانکردنی زەوی و هی دیکەش هەن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەسەر ژمارەیەک لە داواکارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان دەرکرد، کە بەپێی راگێیندراوەکە دوای سەردانەکەی رۆژی 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو شوێنانە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم بارەیەوە سەرۆکی حکومەت چەندین بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان دا، كە ئەمانەی خوارەوە پوختەی ئەو بڕیارانەیە:
 
1- پارێزگای سلێمانی:
 
- چارەسەركردنی كیشەی میلاكات و دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ:
 
- بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناهاوسەنگی رێژەی فەرمانبەران و ئاسانکاریی رێکارەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی میلاکات و بەرزکردنەوەی کارایی دام ودەزگاکانی حکومەت لەو ناوچانە، سەرۆکی حکومەت رەزامەندیی لەسەر ئەوە داوە هەریەكە لە پارێزگاری (سلێمانی و هەڵەبجە) و (ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین) دەسەڵاتی دەرکردنی (فەرمانی گواستنەوەی راژە) و (تەنسیب)یان پێدەدرێت بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حكومییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان جگە لە راژەی سەربازی، ئەم فەرمانە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناگرێتەوە.
 
- رەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 177 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕیی جیا و لە فەرمانگە و دامودەزگای جیاواز، بەم شێوەیە 5 فەرمانبەری بواری یاسایی بۆ دیوانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، 52 رووپێوكار و فەرمانبەری (IT) ئایتی لەسەر میلاکی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوكاڵی سلێمانی، 80 فەرمانبەر لەسەر میلاکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، 5 فەرمانبەر بۆ بنکەی ژینگەی بازیان، 35 فەرمانبەر بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
- رەزامەندی درا بە گۆڕینی بڕوانامە و ناونیشانی ژمارەیەك لە فەرمانبەر گرێبەستەكانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.
 
- پێدانی دەسەڵات:
 
- رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی رێژەی 30% لە داهاتی پارێزگای سلێمانی ئاماژە پێکراو (دیوانی پارێزگا و کاروباری هونەری) بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستە بچووکەکان لە سنووری پارێزگاکەیان و پێدانی دەسەڵات بە "بەڕێز پارێزگاری سلێمانی" بە مەبەستی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە.
 
- رەزامەندی درا كە دەسەڵاتی ئیفاد بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی 30 رۆژ بدرێت بە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش تەنیا بۆ فەرمانبەرانی ناو پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەمەرجێک پلە یان لەخوار (بەڕێوەبەری گشتی) بێت.
 
- رەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەکارهێنانی هۆڵە حكومییەکانی سنووری پارێزگا، بێبەرامبەر بۆ ئەو چالاکی و بۆنانەی کە بە پشتیوانیی پارێزگا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
- نووسراو ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کراوە تایبەت بەپێدانی دەسەڵاتی دیاریکردنی شێوازەکانی گرێبەستکردن بە (پارێزگار) بۆ هەموو ئەو کەمکردنەوانەی کە گوژمەی خەمڵێنراویان تا بڕی (یەک ملیار) دینارە.
 
- زیادكردنی پێشینە:
 
- رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی پێشینەکانی پارێزگای و سلێمانی و قایمقامیەتەکان لە 183 ملیۆن دینار بۆ 319 دینار.
 
- زیادکردنی پێشینەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە 210 ملیۆن دینارەوە بۆ 350 ملیۆن دینار.
 
- دابینكردنی پێداویستییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و دامەزراندنی کەسانی پسپۆڕ:
 
- رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی 522 ملیۆن و 208 هەزار دینار بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی رووپێوی فڕۆکەوانی کە لە لایەن کۆمپانیای (CGX) فەرەنسی دابین دەکرێت.
 
- رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی 68 هەزار و 900 دۆلار بۆ کڕینی ئامێری (X-RAY) جۆری (HS6040- zis) لە بریکاری سەرەکیی کۆمپانیای(Smith Detection) بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
 
- رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی 6 ملیۆن دۆلار بە مەبەستی دابینکردنی پێنج ئامێر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و رزگارکردن بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
 
- رەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی 23 ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
 
- هێنانەکایەی فەرمانگەی نوێ و مۆڵەتپێدان:
 
- رەزامەندی درا لەسەر هێنانە کایەی (بنکەی ژینگەی بازیان) كە سەر بە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەبێت.
 
- رەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەکرێدان و نوێکردنەوەی سێ بەنزینخانە لە سنووری پارێزگاکە کە دەکەونە شارەکانی (دەربەندیخان، عەربەت و رانیە) بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی.
 
- رەزامەندی درا گواستنەوەی شارەوانی تووەسپی کە هەردوو گوندی (کانی گۆران و فەیاڵ) دەکەوێتە سنوورەکەی، لە سنووری شارەوانیەکانی دەوروبەری سلێمانی بۆ ناو سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و چارەسەركردنی کێشەی تەملیکردن.
 
- رەزامەندی درا لەسەر چارەسەرکردنی ئەو خانووانەی کە بە زێدەڕۆ دروست کراون لەسنووری شارەوانی سلێمانی بە راییکردنی مامەڵەکانیان بۆ ئەو داواکارییانەی تاوەکو 9/9/2024 وەرگیراون.
 
- نووسراو ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە مەبەستی خستنە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پاژە کردنی (قیست) ئەو پارەیەی کە لە زێدەڕۆکار وەردەگیرێت لە بڕی خەمڵاندن و تۆمارکردن بەناویانەوە (بدل التملیك).
 
- دابینكردنی ئۆتۆمبێل و پێداویستی و كەلوپەل:
 
- رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی 5 ملیار و 13 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەک وەفری پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکانی فەرمانگەکان.
 
- رەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی 15 ئۆتۆمبێل بۆ قایمقامییەتەكان و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
- دابینکردنی 14 ئامێری گەورە لە جۆرەکانی ( عادیلە – گەلابە- کاسحەی بەفر – شۆفڵ- قاشتە) بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.
 
- بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەڵەکەبوونی قەرزی بانگەوازکردنی پارێزگا لە رۆژنامەکاندا، رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی 22 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی.
 
- دابینكردنی سووتەمەنی:
 
بە مەبەسەتی دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییە حكوومییەکانی هەرێمی کوردستان، نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی پشتیوانیکراوی فەرمیی عێراقی فیدراڵ
 
 
2- پارێزگای هەڵەبجە:
 
- تەرخانكردنی رێژەیەك لە داهات و زیادكردنی پێشینە:
 
- رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانكردنی رێژەی 20%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئیدارەی پارێزگاكە و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ خەرجكردنی ئەو رێژەیە لە چوارچێوەی رێسا و رێنماییەكان بۆ خزمەتكردنی ناوچەكە، بە مەرجێك ساڵانە پلان بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەماهەنگیكردن و پەسەندكردنی.
 
- رەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی پێشینەکانی دیوانی پارێزگا و قایمقامیەتەكان و ناحیەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە 56 ملیۆن دینار بۆ  134 ملیۆن دینار.
 
- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگا و قایمقامیەتەكان بۆ خەرجكردنی پیشینەی كتوپڕ.
 
کردنەوەی فەرمانگەی نوێ و بەفەرمیكردنی دەروازەی سنووری (مەرزی سازان):
 
- نووسراو ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ کراوە بە مەبەستی بە فەرمیکردنی (مەرزی سازان) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و بكرێتە مەرزێکی فەرمی، ئەمەش یەكێك بوو لە داواكارییە گرنگەكانی بەرپرسانی ئیداری و خەڵكی ناوچەكە.
 
- لەسەر فەرمانی سەرۆكی حکومەت بڕیار دراوە (بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەڵەبجە) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە و میلاكی بۆ دەستنیشان بكرێت.
 
- دامەزراندنی فەرمانبەر و پڕكردنەوەی میلاك:
 
رەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 52 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕییە جیاوازەكان بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامیەتەكانی و ناحیەكان
 
كڕینی ئۆتۆمبێل:
 
- بڕیاردرا بە دابینکردنی 23 ئۆتۆمبێلی پێویست بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامیەتەكان و ناحیەكانی سنوورەكە.
 
لێرە بڕیارەکانی تایبەت بە پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ببینە: نووسراوى بڕياره‌كانى پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌
 
3- ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین:
 
- زیادكردنی خەرجی و پیشینە:
 
- رەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی خەرجی کتوپر و پێشینانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هەردوو قایمقامیەتی قەزای رانیە و پشدەر و ناحیەكان لە بڕی 37 ملیۆن و 300 هەزار دینار بۆ  99 ملیۆن دینار.
 
- دامەزراندن و میلاك:
 
- رەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 43 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەڕین و هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی رانیە و پشدەر و ناحیەكان.
 
دابینكردنی ئۆتۆمبێل
 
- رەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی 13 ئۆتۆمبێل سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، قایمقامیەتی رانیە، قایمقامیەتی پشدەر، ناحیەكانی سەركەپكان و سەنگەسەر و بێتواتە و حاجیاوا.
 
4- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:
 
- زیادكردنی پێشینە:
 
- زیادکردنی پێشینە و خەرجی باری لەناکاوی ئیدارەی گەرمیان قائیمقامیەتەکان لە 26 ملیۆن دینار بۆ 78 ملیۆن دینار.
دامەزراندن و میلاك:
 
رەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 133 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەرین، هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی كەلار و كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەكە و هەردوو بەرێوەبەرایەتیی ناحیەی قۆرەتوو و مەیدان.
 
- یەکلاکردنەوەی كێشەی زەویی سندووقی:
 
- نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی بۆ ماوەی یەك ساڵ تاوەکو كێشەی ئەو زەوییانە یەكلابكاتەوە لە سنووری گەرمیان كە بە (زەویی سندووقی) ناسراون و دەكەونە نێوان دوو خانوو، تۆماری سەربەخۆیان نییە، بەڵام لە نەخشەی شارەوانی بە (زەویی چۆڵ) داخڵ كراون بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لێی سوودمەندبن.
 
- پێدانی زەوی بۆ كەسە شایستەكانی ناوچە كوردستانییەكان:
 
نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، رەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی شارەوانی تاوەکو بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زەوی بۆ میراتگری شەهیدان و ئەنفالكراوان و راگیراوانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفالی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابین بكات كە ژمارەیان  274 كەسە بۆ ئەوەی لە شوێنی شیاو زەوییان پێبدرێت.
 
- دابینكردنی ئۆتۆمبێل: 
- بڕیار درا بە دابینکردنی 35 ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قائیمقامیەتی كەلار و قایمقامیەتی كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بۆ مەبەستی لیژنەی ئەمنی و لیژنەی چاودێری.
 
- مۆڵەتی بەنزینخانە:
 
- رەزامەندی درا لەسەر پێدانی مۆڵەت بە سێ بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.
 
- پڕۆژە:
 
- رەزامەندی درا لەسەر گواستنەوەی 39 پڕۆژە لە بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی وەگەرخستنەوەیان.
 
- پێدانی دەسەڵات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تاکو بڕی یەک ملیار دینار.