​فەرمانی دەستگیرکردن بۆ قاسم شەشۆ دەرچوو

رووداو دیجیتاڵ

بەتۆمەتی "سووکایەتیکردن بە پەیامبەری ئیسلام" دادگەی لێکۆڵینەوەی پارێزگای نەینەوا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ قاسم شەشۆ دەرکرد، برازایەکی شەشۆش دەڵێت "بەمەبەست ئەو بابەتە لەلایەن پشتیوانانی داعشەوە گەورە دەکرێت."
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2024) دادگەی لێکۆڵینەوەی پارێزگای نەینەوا، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە محەممەد (د.خ.)، پەیامبەری ئیسلام و هاندان بۆ شەڕی نێوان ئایینەکان " فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ قاسم شەشۆ، فەرماندەیەکی سەربازیی ئێزدی، دەرکرد.
 
بەپێی بڕیارەکە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ قاسم شەشۆ بەپێی مادەی 195ـی یاسای سزادانی عێراقییە، دادگەکە داوایکردووە دەستگیربکرێت و بهێندرێتە بەردەم دادگەکە.
 
ئەوەی سکاڵای لەدژی قاسم شەشۆ کردووە، لە بڕیارەکەدا ناوی نەهاتووە. بەڵام لە نووسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە قاسم شەشۆ لەدایکبووی ساڵی 1953ـیە و شوێنی دانیشتنی مەزاری شەرەفەدینە لە شنگال.
 
حەیدەر شەشۆ، برازای قاسم شەشۆ، بە رووداوی گوت، ئەو پێیوایە گوتەکانی مامی لەبارەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) بەهەڵە لێکدراوەتەوە: "ئەو بابەتە سەرباری روونکردنەوەکانمان، زۆر لە پێویست گەورەکراوە، مەبەست لێی تێکەڵکردنی بابەتەکانە، بۆیە پشتیوانانی داعش سوود لەو بابەتە وەردەگرن."
 
روونیشیکردەوە "ئەگەر ئەو کاردانەوانە بەردەوام بن، ئێمەش هەڵوێستمان دەبێت، چونکە ئەوانەی ئەمڕۆ دژایەتیی ئێمە دەکەن رۆژانێک هیچیان لەبارەی ئەو هەموو دەستدرێژی و پێشێلکارییە نەگوت کە دژی میللەتی ئێمە کراوە."
 
سکاڵاکە دوای ئەوە دێت، سەرەتای ئەم مانگە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە، تێیدا قاسم شەشۆ، قسە دەکات و دواتر وا لێکدرایەوە قسەکانی دژی پەیامبەری ئیسلامن، ئەمەش قسەی زۆری لەبارەوە کرا.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-08-2024، شاندێکی ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدییان بە سەرپەرشتیی بابەشێخ سەردانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانی کرد و، لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە پێکەوەژیان و رێزگرتن لە ئایینەکان کردەوە.