رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق نووسراوێکی راکان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە بەناوی "پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت" بۆ خەرجکردنی مووچە کردوویەتی رەتدەکاتەوە و 11 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش یاریدەدەری پارێزگار بۆ واژۆکردنی خەرجکردنی مووچە رادەسپێرن.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024، راکان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک فەرمانێکی کارگێڕی بە ژمارە 38ـی ساڵی 2024ـ بەناوی "پارێزگاری بەوەکالەت." واژۆکردووە و مۆری پارێزگا و ژمارەشی پێداوە، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەتکراوەتەوە.
نووسراوەکە تایبەتە بە خەرجکردنی مووچەی نزیکەی هەزار فەرمانبەری دیوانی پارێزگای کەرکووک و ئەنجوومەنی پارێزگاکە کە ماوەی نزیکەی هەفتەیەک دەبێت دواکەوتووە.
لە نووسراوەکەی راکان جبووریدا هاتووە: "بۆ بەرژوەندیی گشتی و بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکان و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارمان دا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری کارگێڕی و ئەندامانی بەشەکانی سەرچاوەکانی مرۆیی، ژمێریاری و وردبینی."
ئەرکی ئەو لیژنەیەی جبووری بڕیاری دروستکردنی داوە بەپێی نووسراوەکە بریتییە لە "وردبینی و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا و یەکەکانی کارگێڕی."
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "راکان جبووری قایل نەبووە، عەلی حەمادی، یاریدەدەری واژۆ لەسەر بڕیاری خەرجکردنی مووچە بکات، بۆیە ئەو نووسراوەی کردووە، بەڵام نووسراوەکە لە بانک کاری پێنەکراوە و وەڵامیان داوەتەوە کە راکان جبووری ئەو دەسەڵاتەی نییە."
سەرچاوەکەی رووداو کە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە، ئەوەی پشتڕاستکردەوە: "راکان جبووری، بە سیفەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن نووسراوەکەی کردووە، بەڵام ئەو وەکو هەر ئەندامێکی دیکە تەنیا ئەندامی ئەنجوومەنە، سەرۆکی بەتەمەنیش، تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی یەکەم دانیشتنە."
11 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگای کەرکووکیان راسپاردووە بۆ واژۆکردنی خەرجکردنی مووچە، بەپێی سەرچاوەکەی رووداو، ئەنجوومەنی دەوڵەت بە راکان جبووری راگەیاندووە، ناتوانێت دەسەڵاتەکانی پێشووی بەکاربهێنێت. لەنێویاندا دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی.
بەهۆی ئەو کێشانەی لە پارێزگای کەرکووک پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجیی هەیە، تاوەکو ئێستا مووچەی بەشێک لە دامەزراوەکانی پارێزگاکە خەرجنەکراوە.
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ـى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتوانراوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە.
پۆستی پارێزگار و شێوازی وەرگرتنی لەنێوان پێکهاتەکانی "کورد، عەرەب و تورکمان" گرێکوێرەی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەیە. رۆژی 11ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.
بە گوێرەى بڕگەى 7 لە مادەى 7 ی یاساى پارێزگا ناڕێکخراوەکان، دەبێت لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژدا لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگار بە دەنگى زۆرینەى رەهاى ئەندامانى ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت، بەو پێیە دەبێت تاوەکو 11ی ئەم مانگە حکومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ