دەستپاکیی هەرێمی کوردستان: هەفتەی داهاتوو لێکۆڵینەوە لە بەربژێران تەواو دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە لیستی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشبینی دەکەن سەرەتای هەفتەی داهاتوو پرۆسەکە تەواو ببێت.
رۆژی پێنجشەممە 08-08-2024 د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە لیستی ئەو ناوانە کردووە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆیان ناردووین."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لێکۆڵینەوە لە ناوی بەربژێران تەواو ببێت، لێکۆڵینەوەش بۆ ئەوەیە بزانرێت ئایا ئەو بەربژێرانە لە گەندەڵی تێوەگلاون یان سزادراون یان نا.
جگە لەوەش وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوە لە لیستی ناوی بەربژێران دەکات بۆ زانینی ئەوەی ئەو بەربژێرانە لە تاوان تێوەگلاون یان کێشەیان نییە و پاشان ناوەکان بۆ کۆمیسیۆن دەنێردرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 06-08-2024 د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە ئەلیکترۆنی و کاخەز، لیستی ناوی بەربژێرانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ لە بەغدا و هەولێر و دەستەکانی دەستپاکی لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە نارد."
بەپێی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:
- هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.
- تەواو شیاو بێت و 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری ئەخلاقی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزا نەدرابێت.
- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزا نەدرابێت.
- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.
بەپێی رێکارەکان پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.