بە سیستمێکى بەریتانی نرخی کورسییەکانى پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت

08-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سیستمى هێر بۆ یەکلاکردنەوەى براوەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پیادە دەکرێت، کە لەلایەن سیاسەتڤانێکی بەریتانییەوە داندراوە و لە بەرژەوەندیى پارتە بچووکەکاندایە.
    
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دیاریکردنى کورسییەکان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە گوێرەى سیستمى رێژەیی هێر هەژمار دەکرێت، نەک سانتلیگۆ کە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کارى پێکرا."
 
ئەو سیستمە بەگوێرەى مادەى 36ـى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کارى پێدەکرێت، کە بە سیستمى رێژەیی ناسراوە.
 
بۆ دیاریکردنی نرخی کورسی، کۆی ژمارەى دەنگی دروست لە هەر بازنەیەک دابەشی کورسییەکانى ئەو بازنەیە دەکرێت، ئەو ژمارەیەى دەردەچێت دەکرێتە پێوەر بۆ بەدەستهێنانى کورسى لەلایەن لیستەکانەوە بەگوێرەى دەنگەکانیان.
 
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هەر لیستێک بەگوێرەى دەنگەکەى بە دابەشکردنى بەسەر تێکڕاى هەڵبژاردن کورسی بەدەست دەهێنێت، لەکۆتاییدا چەند کورسییەک دەمێنێتەوە کە دەدرێت بەو بەربژێرانەى زۆترین دەنگیان بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەکانیان نەگەیشتووەتە ژمارەى تێکڕاى هەڵبژاردن لە بازنەکەیان."
 
هەرێمى کوردستان کراوە بە چوار بازنە، سلێمانى 38 کورسی، دوویان بۆ کۆتای تورکمان و کریستیانە، هەولێر 34 کورسییە و دوویان بۆ کریستیان و تورکمانە، دهۆک 25 کورسییە، یەک کورسیى پارێزگاکە بۆ کۆتای کریستیانە، هەڵەبجەش سێ کورسییە بەبێ کورسیی کۆتا.
 
بەپێی سیستمى هێر، ئەگەر لە هەر بازنەیەک رێژەى بەشدارى لە دەنگدان زۆر بێت، نرخى کورسى و تێکڕاى هەڵبژاردنیش زیاتر دەبێت.
 
بەگوتەى ئارام جەمال، سیستمى هێر بۆ دابەشکردنى دەنگەکان بە "مانەوەى بەهێزەکان" ناسراوە و لە بەرژەوەندیى پارتە بچوکەکاندایە کە دەتوانن کورسی بەدەستبهێنن بەتایبەت ئەو کەسانەى لە قۆناخى یەکەمى هەژمارکردنى دەنگەکان بە گوێرەى تێکڕاى هەڵبژاردن دەمێننەوە. 
 
20ى تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ رۆژى هەڵبژاردن کە یەکەمجارە بە سیستمى ئەلیکترۆنى دەکرێت. سیستمى هێر لەلایەن تۆماس هێر، پارێزەر و سیاسەتڤانی بەریتانییەوە دانراوە بۆ هەژمارکردنى براوە لە هەڵبژاردن کە یەکێکە لە شێوازە سادەکانى هەژمارکردنى دەنگ.
 
ئەندامەکەى دەستەى کارگێڕیى پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن رایگەیاند، بەربژێرانى سەربەخۆ بەهەمانشێوە لەڕووى دەنگەوە لە کێبڕکێ دەبن لەگەڵ بەربژێرى لیستەکان و کامیان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەوەیان براوە دەبێت.
 
بەگوێرەى ئەو سیستمە، ئەو دەنگە زیادەیەى لە سەرۆکى لیستەکان، یان بەربژێرێک دواى بەدەستهێنانى کورسی دەمێنێتەوە، بەگوێرەى تێکڕاى هەڵبژاردن دابەش دەبێتەوە بەسەر بەربژێرانى لیستەکەى، کە ئەوانیش بەگوێرەى بەدەستهێنانى دەنگیان ریزبەندیان دەگۆڕێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی لەبارەی دواکەوتنی مووچەیان

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست: دەبێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچەمان دابەش بکرێت

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ''دەبێت وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی روونکردنەوە بدەن کە بۆچی ئەمڕۆ مووچەمان دابەشنەکرا؟''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''نابێت دابەشکردنی مووچەمان یەک کاژێر لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابکەوێت.''