سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەرج سەردانی کەرکووک دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، تاوەکو کێشەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک چارەسەر نەکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی شارەکە ناکات. دەشڵێت: "کێشەی ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی نەبوونی پارێزگارەوە مووچەکانیان دواکەوت ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەممووز وەردەگرن."
 
پێشتر وابڵاوکرایەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا سەردانی کەرکووک دەکات، دواتر وا بڵاوکرایەوە، سەردانەکە هەڵوەشاوەتەوە.
 
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق هیچ بەرنامەیەکی نەبووە لەم رۆژانەدا سەردانیی کەرکووک بکات."
 
یاریدەدەری پارێزگای کەرکووک گوتی: "تاوەکو کێشەی پێکهێنانی حکومەتی کەرکووک چارەسەر نەکرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کەرکووک ناکات."
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو فەرمانبەرانەی دیوانی پارێزگای کەرکووک و ئەنجوومەنی پارێزگا کە بەهۆی نەبوونی پارێزگارەوە، مووچەکانیان دواکەوتەوە، یاریدەدەری پارێزگای کەرکووک گوتی: "کێشەکەیان چارەسەربووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە مووچەکانیان وەردەگرن کە بە گرێبەستەکانەوە زیاتر لە هەزار کەس دەبن." گوتیشی: "رێککارێک گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست نەبێت، بەڵام دەسەڵاتی دیکەی دارایی بە کەس نەدراوە."
 
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک، عەلی حەمادی گوتی: "چەند رۆژێکی کەم لە وادەی یاسایی ماوە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، بەڵام روون نییە لایەنە براوەکان دەگەنە چارەسەر یان نا،  بەپێی ئەوەی هەیە قورسە لەو چەند رۆژە بگەنە چارەسەر."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کەرکووک، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ کردنەوەی وێستگەیەکی کارەبا، وەزیری کارەبای عێراق سەردانی پارێزگاکە بکات. پێشتر وا بڵاوکرایەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەو بابەتە سەردانی کەرکووک دەکات.
 
بەگوێرەى بڕگەى حەوت لە مادەى حەوتی یاساى پارێزگا ناڕێکخراوەکان، دەبێت لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژدا لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگار بە دەنگى زۆرینەى رەهاى ئەندامانى ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت، بەو پێییە دەبێت تاوەکو 11ی ئەم مانگە حکومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبێت.
 
یاساکە ئاماژەی بە هیچ رێکارێک نەدوە، کە ئەگەر لە 30 رۆژدا پارێزگار هەڵنەبژێردرێت، چ هەنگاوێک دەنرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دواجار ئەگەر لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێز خۆیان یەکلاییان نەکردەوە پرسەکە ببرێتە دادگەی فیدراڵی.