فۆرمی دابەشکردنی 9,000 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان کارا کرا

رووداو دیجیتاڵ 

فۆڕمی دابەشکردنی 9,000 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان کارا کرا و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، بەبێ پێشەکی پێیاندەدرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان کارا دەکات و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵیت، هاونیشتمانییان تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەم کاتیان هەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.
 
دەتوانن لەڕێگەی ئەم بەستەرەوە فۆرمەکە بەشێوەیەکی ئۆنڵاین پڕبکەنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە".
 
دانا عەبدولکەریم دەڵێت، "فۆرمەکە بە هاوکاری و پێشنیازەکانی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئامادەکراوە. کاراکردنی ئەم پێگەیە بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان بتوانن داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن و پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت".
 
بڕیارە دوای تۆمارکردنی ناوەکان، بەپێی یاسای نیشتەجێبوون، خاڵبەندی بۆ داواکارییەکان بکرێت و دواتر لەلایەن لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. بە گوتەی دانا عەبدولکەریم، "دواتر ناوەکان ئاراستەی ئەو لیژنانە دەکرێت کە لە چوارچێوەی یەکە کارگێڕییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان. هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە سنووری شار و قەزا و ناحیەکان دروستکرابێت، لەو سنوورە لیژنەیەک دروستدەکرێت بۆ پەسندکردنی خاڵبەندییەکە و لەسەر بنەمای ئەو پەسندکردنە، یەکەکان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت".
 
وەکو وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی پێدەدات، "بەشێکی ئەو یەکانە تەواوبوون و بەشەکەی دیکە کاریان تێدا دەکرێت. نزیکەی نۆ هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوونە و بە قیستی 25 ساڵ دەدرێتە کەسانی کەمدەرامەت".