شیعەکان لە کەرکووک بەیەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن

دەروازەی شاری کەرکووک، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە هەر سێ پارێزگاى کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین بە یەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دەکات و لە نەینەواش بە دوو لیست بەشدار دەبێت.
 
8ـی ئابى 2023، ئەبومیساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر، کە لایەنەکەی یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەى لە هەر سێ پارێزگاى کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین بە یەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەکات و،  لیستەکە بەناوى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەبێت.
 
ئەبومیساق مەسارى گوتیشى، "بەشداریکردنمان لەو سێ پارێزگایە بە یەک لیست لەبەرئەوەیە کە ئەو پارێزگایانە پێکهاتەى دیکەیان تێدایە".
 
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
 
ئەبومیساق مەسارى دەڵێت، لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بە دوو لیست بەشدارى دەکەن، یەکێکیان بە ناوى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و ئەوى دیکەیان بەناوى هاوپەیمانیى عەتا.
 
7ـی ئاب، دوا وادەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بوو بۆ تۆمارکردنى هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق. لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین بە چەندین لیست بەشدارییان کردووە. 
 
3ـی ئابى 2023، پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆبوونەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بە زیاتر لە لیستێک بەشدارى دەکەن. ئەو کاتە، حەسەن بەهادلى، ئەندامى دەستەى سیاسیى هاوپەیمانیى نەسر کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانێتییەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سێ هاوپەیمانیێتى سەر بە چوارچێوەى هاوئاهەنگى هەن، کە لە رێگەیانەوە بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکەن.
 
بەگوتەى ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر، لە شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە سێ لیست بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردنەکەدا، کە پێکهاتوون لە: هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتى نوورى مالیکى، هاوپەیمانیى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتیمانى بە سەرۆکایەتى عەممار حەکیم و بەشداریی حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانیى نەسر، سێیەم هاوپەیمانیێتیش بەناوى "نەبنى" دەبێت بە بەشدارى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیی فەتح و سەرجەم لایەنە شیعەکان کە بەشدار نەبوون لە دوو هاوپەیمانیێتییەکەى دیکەدا.