تەرمی کۆڵبەرێک لە سنووری شاری پاوەی پارێزگای کرماشان دۆزرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی کۆڵبەرێک لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە. ئەو شەوی پێشتر لەگەڵ کۆمەڵێک کۆڵبەر تەقەیان لێکرابوو و لە ئەنجامدا حەوت کۆڵبەر بریندار ببوون.
 
رۆژی 07-08-2023 دوای ماوەیەکی زۆر گەڕان، تەرمی کۆڵبەرێک بەناوی ئاسۆ کەریمی لە یەکێک لە باخەکانی ناوچە سنوورییەکانی شوشمێ سەر بە شاری پاوە دۆزرایەوە و دەگوترێت، لەبەر ئەوەی خوێنی زۆری لێ رۆیشتبوو، گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەو کۆڵبەرە دوای ئەوەی بریندار ببوو، خۆی گەیاندبووە یەکێک لە باخەکانی ناوچەی شوشمێ، بەڵام لەبەر قووڵیی برینەکەی و لەبەر ئەوەی خوێنێکی زۆری لێ رۆیشتبوو، گیانی لەدەستدابوو.
 
ئاسۆ کەریمیی تەمەن 39 ساڵ، خاوەن هاوژین و خەڵکی شاری پاوە بوو. ئەو لەگەڵ کۆمەڵێک کۆڵبەری دیکە، رۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە تەقەیان لێکرا.
 
لەو رووداوەدا حەوت کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی پاوە، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان بریندار بوون و بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەندروستیی هەندێک لەوان جێگیر نییە.
 
ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان چەندین کۆڵبەر تەقەیان لێ دەکرێت.
 
نەوید سەحرایی، داواکاری پاوە رۆژی 02-05-2022 گوتی، ئەو کۆڵبەرانە گواستنەوەی کەلوپەلیان بە شێوەی قاچاخ پەرەپێداوە و هەروەها ئاسایش و ئارامیی خەڵکیان تێکداوە.
 
ئەو کات داواکاری پاوە گوتی، لە خاڵەکانی پشکنینی پاوەدا رێگری لەو کۆڵبەرانە دەکرێ و رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر ئەو شۆفێرانە دەگیرێتەبەر کە کۆڵبەر بۆ سنوورەکە دەگوازنەوە.