رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممە داواکاری گشتی لەبارەی ئازادکردنی بەمەرجی پێنج لە حوکمدراوانی بادینان بۆچوونی خۆی بدات و دوای ئەوە دادوەری دادگەی تاوانەکانی کەسنەزان بڕیار لەبارەی ئازادکردنیان بدات، پارێزەرێکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان دەڵێت، "ئازادکردنی بەمەرج قورس نییە، بەڵام بەداخەوە پرسەکەیان زۆر قورس کرد."
بەشدار حەسەن، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمداراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی سێشەممە، 9ی ئابی 2022، داواکاری گشتی بۆچوونی خۆی و وەڵامی دادگەی تاوانەکانی کەسنەزان دەداتەوە لەبارەی ئازادکردنی بەمەرجی پێنج لە سزادراوانی بادینان کە ماوەیەکی زۆر داواکاریمان بۆ ئازادکردنی بەمەرجیان پێشکێش کردووە."
بە گوتەی بەشدار حەسەن، دادگەکە لە 16ی مانگی حوزەیرانەوە داوای لە داواکاری گشتی کردووە رای خۆی لەبارەی ئازادکردنیانەوە بدات، بەڵام هەر دواخراوە، "بڕیاری کۆتایی لەلای دادگەیە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە داواکاری گشتی کۆی پرۆسەکەی لە ئێمە راگرتووە، زۆر جار داواکاری گشتی دەڵێت نایانگرێتەوە، بەڵام دادگە بڕیارێکی دیکە دەدات و دەڵێت دەیانگرێتەوە، وەکو چۆن لە چەند دەستگیرکراوێکی دیکە هەبوون، پێش جەژن رازی بوون بە ئازادکردنیان، بەڵام دوای جەژن گوتیان شیکردنەوەی دیکەیان لەبەردەستدایە."
پارێزەری حکومدراوان گەشبینە دادگە لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیار بدات و گوتی، "چاوەڕوانیمان ئەوەیە دادگە بڕیاری ئازادکردنیان بە ئەرێنی بێت و دواتر ئەوان ئازاد بکرێن، بۆیە بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی بڕیاری دادگەین، چونکە ئەو حوکمدراوانە هەموو مەرجەکانی ئازادکردنی بە مەرجیان تێدایە."
رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمداراوانی بادینان رۆژی سێشەممە 2ی ئابی 2022 بە رووداوی رایگەیاند، "بەهۆی ئازادنەکردنی بە مەرج کە رێگەیەکی یاساییە و پێشتر سێ کەس لە حوکمدراوانی بادینان بەو رێگەیە ئازادکراون، ماوەی 13 رۆژە پێنج لە حوکمدراوانی بادینان لە چاکسازیی هەولێر مانیان گرتووە و تەندروستییان تێكچووە، ئەگەر بەهانایانەوە نەچین دوور نییە گیان لەدەستبدەن، بەتایبەت نێچیرڤان بەدیع کە جگە لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی جگەر و خوێنبەربوون، هەردوو چاوەکانیشی کز بوون؛ هەروەها کۆڤان تاریق تووشی نەخۆشیی پێست بووە و تەندروستیی تێکچووە. جگە لەوەش ئەمجەد یوسفیش تووشی ڤایرۆسی جگەر بووە و تەندروستیی خراپە."
رەمەزان ئەرتیسی گوتیشی، "ئەوانەی مانیان گرتووە نزیکەی 50 کەس دەبن و هەموویان داوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دەکەن، دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە راگرتن."
رۆژی چوارشەممە 22-06-2022، بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای حوکمدانی پێنج کەس لە شارۆچکەی شیلادزێ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە دوو ساڵ زیندانیکردن، ئەو کەسانە ساڵێک و شەش مانگە لە زیندانی ئاسایشن؛ بۆئەوەی ئازادکردنی بەمەرجیان بۆ بکەین، پێویست بوو بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەی چاکسازی. لەگەڵ بەڕێوەبەڕی گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و داوامان لێکرد بگوازرێنەوە و ئەویش بڕیاری گواستنەوەیانی دا و ئەو کەسانە گوێزرانەوە بۆ گرتووخانەی چاکسازی."
ئەو پارێزەرە گوتیشی، "بەو پێیەی ئازادکردنی بەمەرج بۆ هەر ساڵێک دەتوانرێت سێ مانگ کەمبکرێتەوە، بۆیە ئەو کەسانە ماوەی ساڵێک و شەش مانگە لە زینداندان و دەستمان بە رێوشوێنەکانی ئازادکردنیان کردووە و هەفتەی داهاتوو ئازاد دەکرێن."
رۆژی دووشەممە، 16-05-2022 دادگەی 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو گیراوانە دەرکرد.
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
لە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003دا هاتووە "هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی، سزا دەدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ