رێژەی خۆکوشتن لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
شاری شنۆ لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بە خۆکوشتنی زۆری دانیشتووانەکەی نێوبانگی دەرکردووە. لە دوو مانگدا، لانیکەم شەش کەس لەو شارە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، هەر لە مێرمنداڵەوە تاوەکو پیاوی بەتەمەن.
لیژنەی پێشگرتن لە خۆکوژیی ئەنجوومەنی زانستیی پزیشکانی دەروونیی ئێران دەڵێت، بێکاری، هەژاری، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و خواردنەوە کحولییەکان، نەخۆشیی دەروونی و بەردەستبوونی ئامێرەکانی خۆکوشتن، هۆکاری سەرەکیی خۆکوژین لەو وڵاتەدا و رێژەی خۆکوژی لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان زیاترە لە ئاستی مامناوەندیی ئێران.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ساڵانە 100 هەزار کەس لەو وڵاتە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن. لەنێوان پێنج هەزار بۆ 5500 کەسیان گیان لەدەستدەدەن و ئەوانی دیکەش رزگار دەکرێن. لە سێ مانگی رابردوودا، لانیکەم 10 کرێکار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەرکردن لەسەر کار و هەژاری کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی هەنگاو، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵی هەتاویدا، لانیکەم 30 مێرمنداڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە کە بریتین لە 21 کوڕ و 9 کچ. ساڵی رابردووش 15 کەسی خوار 18 ساڵ لەو ماوەیەدا خۆیان کوشتووە، هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم 34 ژنیش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.