لە سلێمانی بێ بەرامبەر نەشتەرگەری بۆ ژمارەیەک منداڵ دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوو پزیشکی پسپۆڕ لە سلێمانی بێ بەرامبەر نەشتەرگەری بۆ منداڵانی هەرێمی کوردستان دەکەن و یەکێک لە پزیشکەکان دەڵێت، "بۆ دانیشتووانی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقیش داشکاندنی گەورە دەکەین."
 
دکتۆر گۆران فریاد، پسپۆڕی چاندنی گورچیلە و ئەندامەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ پزیشکێکی پسپۆڕی ئیسپانی بەناوی پیدرۆ، ماوەی چەند رۆژێک بێ بەرامبەر نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵانە دەکەن کە تووشی نەخۆشییەکانی گورچیلە، میزڵدان و بۆریی میز بوون، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشییەکەیان زکماکە یاخود لە رووداوێکدا تووشبوون.
 
دکتۆر گۆران فریاد ئاماژەی بەوە کرد، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "سپۆنسەری کارەکەمان دەکات."
 
پزیشکە ئیسپانییەکە لە رۆژی 28-08-2022 دەگاتە سلێمانی و تاوەکو 04-09-2022 دەمێنێتەوە، ئەمە دووەم جارە ئەو پزیشکە سەردانی کوردستان دەکات و نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر بۆ نەخۆش دەکات، بەڵام بە گوتەی دکتۆر گۆران، ئەمجارە کارەکە بە تیم دەکرێت.
 
ئەو نەخۆشانەی لە هەرێمی کوردستانن، بێ بەرامبەر نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و ئەوانەشی خەڵکی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن داشکاندنی "گەورە"یان بۆ دەکرێت. دکتۆر گۆران ئاماژەی بەوە کرد، نەخۆشەکان دەتوانن رۆژانی دووشەممە و چوارشەممە سەردانی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە بکەن بۆ پشکنین و ناو نووسین.
 
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەو پزیشکە ئیسپانییە سەردانی شاری سلێمانی-ی کرد و 50 نەخۆشی بینی و نەشتەرگەریی بۆ 15یان کردبوو.