سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی دیاسپۆرای کورد کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ

پرۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیم میرزۆیڤ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی دیاسپۆرای کورد (FNDK) و سەرۆکی یەکێتیی کوردانی کازاخستان کۆچی دواییکرد.
 
کامێز شەدادی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، پرۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیم میرزۆیڤ رۆژی یەکشەممە 8-8-2021 لە نەخۆشخانەی ئاڵماتی کازاخستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دواییکرد. 
 
کنیاز ئیبراهیم میرزۆیڤ 20 رۆژ لەمەوبەر تووشی کۆرۆنا ببوو، لە نەخۆشخانەی شاری ئاڵماتی چارەسەری وەردەگرت. بڕیارە تەرمی کنیاز ئیبراهیم رۆژی هەینی 13-8-2021 لە شاری ئاڵماتی کازاخستان بە خاک بسپێردرێت.
 
پرۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیم میرزۆیڤ ئەکادیمیست و رۆژهەڵاتناسێکی کورد بوو، هەروەها کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناسراو بوو لەناو کوردانی کازاخستان و رووسیا. ساڵی1947 لە ئەرمەنستان لەدایکبووە و بەشی فیسۆلۆژی لە زانکۆی ئەرمەنستان خوێند و تێزی دکتۆراکەی دەربارەی ئەدەبیاتی کوردی بوو. ماوەیەکی زۆر لە زانکۆ سەرپەرشتی زمان و ئەدەبیاتی جیهانی کرد.
 
وێڕای چاپکردنی 30 کتێب، 600 بۆ 700 بابەتی نووسراوی لەسەر کولتوور، مێژوو، زمان و وێژەی کوردی هەیە. نووسین و کتێبەکانی بە زمانەکانی رووسی، ئازەری، ئەرمەنی، تورکی و چەندین زمانی دیکە چاپکراون.
 
 
سەرۆک بارزانی: پڕۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیم کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو
 
سەرۆک بارزانی پرسەنامەیەکی ئاراستەی ماڵباتی سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی دیاسپۆرای کورد (FNDK) و سەرۆکی یەکێتیی کوردانی کازاخستان دەکات و دەڵێت "بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئاکادیمیسیەنی کورد و سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کوردانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو پڕۆفیسۆرکنیاز ئیبراهیم میرزۆیەڤ مان پێگەییشت"
 
سەرۆک بارزانی لە پرسەنامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات، "پڕۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیم کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری کوردی کازاخستان بوو کە رۆڵێکی بەرچاوی لە بەهێزکردن و یەکخستنی دیاسپۆرای کورد لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو هەبوو و، هەروەها لە بواری زانستی و ئەدەبیش خزمەتێکی زۆری کورد لەو وڵاتانەدا کردووە."
 
سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و ماڵباتی کنیاز ئیبراهیم و ئەندامانی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کوردانی سۆڤییەت و کوردانی دانیشتووی وڵاتی کازاخستان دەکات و دەڵێت "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم." 
 
دەشڵێت "لە خودای گەورە داواکارم رۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
 
نێچیرڤان بارزانی: پڕۆفیسۆر د. کنیاز ئیبراهیم هەمیشە لەبیرماندا دەمێنێتەوە
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتەر پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی کەسوکار و ماڵباتی پڕۆفیسۆر د. کنیاز ئیبراهیم دەکات و دەڵێت "بۆ کۆچی دوایی خودا لێی رازیبێت پڕۆفیسۆر د. کنیاز ئیبراهیم میرزۆیەڤ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی دیاسپۆرای کوردان و سەرۆکی یەکێتی کوردانی کازاخستان، پرسە و سەرەخۆشی لە ماڵبات و کەسوکار و هاوڕێیانی دەکەم، هاوبەشی خەمیانم و ئەو هەمیشە لەبیرمان دا دەمێنێتەوە."
 
مەسرور بارزانی: پرۆفیسۆر کنیاز کەسایەتیێکی نیشتمانپەروەر و نووسەر و رووناکبیرێکی ناسراو بوو
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی کەسوکاری پڕۆفیسۆر د. کنیاز ئیبراهیم میرزۆیەڤ دەکات و دەڵێت "بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر د.کنیاز ئیبراهیم میرزۆیەڤ سەرۆکی فیدراسیۆنی ناونەتەوەیی دیاسپۆرای کوردان ( FNDK ) م بيست."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "پرۆفیسۆر کنیاز کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و نووسەر و رووناکبیرێکی ناسراو بوو، خزمەتێکی زۆری بە کولتوور و زمان و ئەدەبی کوردی کردووە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و کەسوکار و هاوکارەکانی دەکات و دەڵێت "هاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت."