مەسرور بارزانی بۆ سکرتێری حیزبی سۆسیالیست: هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێری گشتیی حیزبەکە کرد و ئومێد دەخوازێت یادەکە ببێتە مایەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی کردووە، جگە لە پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرکردایەتی، ئەندام و لایەنگرانی خواستووە.
 
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "ئومێدەوارم ئەم یادە، ببێتە مایەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان لەپێناو پاراستن و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانمان و کارنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
بەڕێز محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
 
بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
 
ئومێدەوارم ئەم یادە، ببێتە مایەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان لەپێناو پاراستن و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانمان و کارنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان