وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: سەردانکردنی چاکسازییەکان راگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانکردنی هاونیشتمانیان بۆ چاکسازییەکان و مۆڵەتدان بە گیراوانی نێویان لە 26ی مانگی تەممووزی 2021ـەوە راگیراوە.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ پاراستنی ژیانی گرتووانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێک هەر شەش چاکسازییەکەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، واتە چاکسازییەکانی گەورانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و چاکسازییەکانی ژنان و منداڵانی هەرسێ پارێزگاکە ئاگادارکراونەتەوە کە سەردانکردنی هاونیشتمانیان بۆ لای گیراوان و مۆڵەتدان بە گیراوانیش راگیراوە و ئەوەش تاوەکو ماوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، "دیار نییە ئەو رێکارە تاوەکو کەی دەبێت، بەڵام وەزارەت ئەو کەرەنتینە کردنەی پێباشبوو، چونکە چەند کەسێک لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی تووشی کۆرۆنا ببوون. دەستپێکردنەوەی سەردانەکانیش بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەبێت".
 
پەیوەندیدار بەو بابەتە، یادگار ئیبراهیم، بەرپرسی یەکەی جێبەجێکردن لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەڵێ، بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانکردن و مۆڵەت نەماوە".
 
ئەو بەرپرسە لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی گوتیشی، "لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو کەس لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە".