کوردستان
رابەر کە دڵ و ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ خۆشەویستی کچێکی تووشبووی شێرپەنجە، کەچی هێشتا دەڵێت "من پاڵەوان نیم، هیچم بۆنەکرد"
رووداو دیجیتاڵ
رابەر ئامادەکاریی کردبوو ئەمڕۆ ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی بەیادی دەستگیرانی بگێڕێت، بەڵام سێ رۆژ پێش ساڵڕۆژەکە دڵی بەیاد لەنێو دەستی رابەردا لە لێدان کەوت، دڵێک کە 10 ساڵ بوو بەدەست شێرپەنجەوە دەیناڵاند و هێزی لێدانەکەی خۆشەویستیی رابەر بوو.
ئەفسانەکانی خۆشەویستی لە جیهان و لەنێو کوردیشدا زۆرن: مەم و زین، شیرین و فەرهاد، خەج و سیاسمەند و هی دیکەش، رابەریش وەک پاڵەوانی ئەفسانەیەکی تازە باسدەکرێ، کە دڵ و ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ خۆشەویستی کچێکی تووشبووی شێرپەنجە، کەچی هێشتا دەڵێت "من پاڵەوان نیم، هیچم بۆنەکرد".
رۆژی یەکترناسین بیرناچێتەوە
رابەر عەبدوڵڵا گەنجێکی خەڵکی چوارقوڕنەیە، لە پۆلی هەشتی بنەڕەتی عاشقی بەیاد دەبێت، کە لەهەمان قوتابخانە بوون پێکەوە، بەڵام بەیاد لە پۆلی 9 بووە. رابەر یەکەم رۆژی پەیوەندییەکەیانی لەیادە و بە رووداوی گوت "رێک لە 18-2-2006 یەکدیمان ناسی".
بەیاد و رابەر شەش ساڵ لەگەڵ ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییە دەبەنەسەر، ئیدی دوای ئەو ماوەیە کاتی بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوبەشە.
چوون بۆ خوازبێنیی تووشبوویەکی شێرپەنجە
بەیاد لە قۆناخی یەکەمی زانکۆیە، ساڵێکیشە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بووە و بەردەوام سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکات لە سلێمانی. رابەر وەک ئەوەی بەڵێنی بە بەیاد داوە دەیەوێ بچێتە خوازبێنی و بەیادیش سەرباری ئەوەی رابەری خۆشدەوێ، بەڵام نایەوێ هاوسەرگیریی بکەن.
رابەر دەڵێ "من بەڵێنێکم دابوو هەر دەمویست بیبەمەسەر، بەڵام بەیاد دەیگوت تۆ نابێ بەهۆی منەوە ژیانت بکەوێتە ناخۆشی، چ خۆشییەک لە ئافرەتێک دەبینی کە شێرپەنجەی هەبێ و نەتوانێت منداڵ بخاتەوە، کەسێکی شایستە بخوازە". بەڵام رابەر کۆڵنادات و هەر رازیی دەکات. "من دەمزانی بەیاد هەست بە کەمیی دەکات، بەڵام من لەسەر خۆشەویستییەکەم مکوڕ بووم". رابەر وادەڵێت.
ئێوارەی 20-9-2012 رابەر و خێزانەکەی لە دەرگای ماڵی بەیاد دەدەن و رابەر و خۆشەویستەکەی لێکدی مارەدەکرێن. پێش ئەم بەروارەش کاتێک بەیاد لە قۆناخی یەکەمی زانکۆ وەرگیراوە رابەر هەوڵیداوە مارەی بکات. بەڵام "باوکی گوتی نابێت، یان دەبێت بخوێنێت، یان هاوسەرگیریی بکات، بۆیە وەستاین تاوەکو بەیاد چووە قۆناخی چواری زانکۆ".
ماوەی دەستگیرانداری ئەو دوو عاشقە زۆرنابێت، رابەر لەبەر خۆشەویستی بەیاد رێکەوتێکی جوانی رۆژی گواستنەوە دیاریدەکات: 12-12-2012 .
هەرچەندە کەسوکاری نزیکی رابەر پاڵپشتی بوون لە ئەنجامدانی ئەو هاوسەرگیرییە و لارییان نەبووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێ هەندێک لە خزمەکانی پێیانگوتووە کە نابێت کچێکی نەخۆش بخوازێت، "بەڵام گوێم بەهیچ نەدا. خۆشمویست، بەڵێنم پێداو بردمەسەر".
وەستانی دڵی عاشق لەنێو دەستی مەعشووقەکەی
رابەر و بەیاد 8 ساڵ پێکەوە لە ماڵێکدا ژیان، بەڵام ئەوەندەی لە نەخۆشخانە بوون، ئەوەندە پێکەوە لەسەر سەرینێک سەریان پێکەوە نەناوە لە ماڵەکەیاندا، چونکە لەدوای ئاهەنگی گواستنەوە، ئیدی شێرپەنجە وردەوردە بە لەشی بەیاددا تەشەنە دەکات. تاوەکو سەرەتای ئەمساڵ ئیدی هێندە باری تەندروستی بەیاد تێکچووە هەر لە نەخۆشخانە بوون.
8-8 ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بەیادە، بۆیە رابەر لەلایەک سەرقاڵی نەخۆشخانە و وەرگرتنی دەرمان و چارەسەرە بۆ بەیاد، لەلایەکی دیکەش ئامادەکاریی بۆ ئاهەنگی لەدایکبوونی دەکات، بەڵام 3 رۆژ پێش ساڵیادەکە و لە نیوەی ئامادەکارییەکاندا، بەیاد کۆچی دوایی دەکات. رابەر دەڵێ " ئازارێک دابوویە دەستی، منیش لەتەنیشت قەرەوێڵەکەی کورسییەکم دانا و دەستیم دەشێلا، هەستم بە ترپەی دڵی دەکرد، بەڵام لەوکاتەدا کە دەستی لەنێو دەستم بوو نە ترپە ما و نە گەرمیی دەست، ئەو لەنێو دەستەکانم مرد".
رابەر ئەو ئامادەکارییانەی کردبووی بۆ رۆژی لەدایکبوونی هاوژینەکەی تەواو ناکات، مۆم و میزەڵدانەکان ناکاتەوە، کێکەکەش لە دووکانی شیرینییەکە ناهێنێتەوە، لەجیاتی هەموو ئەوانە، رۆژێک پێش یادەکە دەنووسێت:
بەیانی چی بکەم؟
رۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بکەم!
یان بۆ دووریت ھەناسەیەکی قووڵ ھەڵبکێشم
ئاخر ئازیزەکەم
ھەڵناکەم لە دووریت
بە حەسرەتی یەک جارم
وەک رۆژانی رابردوو بانگم بکەیت،
کاتێ لە دەرگای حەوشە ئەڕۆشتمە دەرەوە
چەندین جار بۆ دیدەنیت ئاوڕم ئەدایەوە
ئێستا
بەیانی باش لە کێ بکەم؟
شەوان پێش خەوتن
شەوشاد لەکێ بکەم
کاتێ بۆ ئەبەد شەوشاد کردم،
بەیادەکەم
دەوەرەوە خۆت پێم بڵێ
من بەیانی چی بکەم
شیوەن یان لە دایکبوونی تۆ؟
دوو مەعشووق بووین لە ھێلانەی خۆشبەختی
یەکێکمان سەفەری ئەبەدی کرد
ئەوەی ترمان بۆ ئەبەد لە چاوەڕوانی
بینینەوەی ئەودا دەژی
دە توخوا ئەمشەو ھیچ نەبێ وەرە خەومەوە
بانگم بکە
بڵێ رابەرەکەم
من لێرەم ئەوەی بینیت ھەمووی خەوێک بوو
ئەوەتا ئەھا لە تەنیشتەوە دانیشتووم
خۆزگە خەیاڵ دەبوو
——
8-8-1991 (ئاماژە بە رۆژی لەدایکبوونی بەیاد)
رابەر دوای گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە، دەیەوێت لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دوو پەیام بگەیێنێت، یەکەمیان سوپاسی نەخۆشخانەی هیوا دەکات، کە 10 ساڵ لەگەڵ هاوژینەکەی بوون، "زۆر باش خزمەتیان کرد، ئەوان نەبوونایە ئەو هەموو خەرجییەم پێنەدەکرا". دووەم پەیامیشی بۆ گەنجانە: "کە خۆشەویستیتان کرد مەردانە بیکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ