ئاسۆ مامەند: هەوڵدەدەین کێشەکانی کەرکووک لەگەڵ پارتی چارەسەر بکەین

رووداو - هەولێر 

بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە كەركووك كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەیە دەڵێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك هەوڵێكی باشیان لەگەڵ پارتی هەیە ‌و بەرەوپێشچوونی باش لەو پرسەدا روویداوە.


ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ‌و بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك بەتایبەت كێشە سیاسییەكان لەگەڵ پارتی بەردەوامە‌ و بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جارێ‌ ناچینە وردەكاری هەوڵەكان‌ و ئەنجامەكانی".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كەركووك باسی لەوەشكرد، گرفتی سەرەكی كێشەكانی كەركووك كۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیە و ئەگەر لە قۆناخی یەكەمدا لەسەر دانانی پارێزگاریش نەگەینە رێككەوتن، ئەوا دەتوانین لەسەر كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا رێكبكەوین، چونكە ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگا كۆبێتەوە كە زۆرینەی ئەندامەكانی لە لیستی برایەتی كوردە، 80%ـی كێشەكانی كەركووك چارەسەردەبێت، بەتایبەت پرسی دوورخستنەوەی بەرپرسانی كورد لە پۆستەكانیان، چونكە ئەگەر بەرپرسێكی حكومی كورد لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە ئەنجوومەنەكە دەتوانێ‌ رێگری لەو كارە بكات".

لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كەمترین كۆبوونەوەی كردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەندامە كوردەكانی لیستی برایەتی كە زۆرینەی ئەنجوومەنەكە پێكدەهێنن، ئامادەی كۆبوونەوەكان نابن، ئەوەش پەیوەندی بەو ناكۆكیانەوە هەیە كە لەنێوان پارتی‌ و یەكێتی لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی كێشە جیاجیاكانی كەركووك هەن.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن