بەرهەم ساڵح و جێگری روحانی لە تاران كۆبوونەوە
رووداو- ھەولێر
بەرهەم ساڵح، سەرۆكی شاندی یەكێتی لە تاران لەگەڵ ئیسحاق جەھانگیری، جێگری سەرۆككۆماری ئێران كۆبووەوە. جەهانگیری بە شاندەكەی یەكێتی راگەیاندووە: یەكڕیزی نێو ماڵی كورد بپارێزن و کێشەکانتان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن.
رۆژی دووشەممە 8-8-2016 شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تاران دەستیان بە کۆبوونەوەکانیان کرد و یەکەم کۆبوونەوەش لەگەڵ ئیسحاق جەھانگیری، جێگری حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران بوو.
لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەڤانی نووسینگەی بەرهەم ساڵح ئاماژە بەوە كراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران جگە لە ھەواڵپرسینی تەندروستی جەلال تاڵەبانی، باسی لە رۆڵ و پێگەی تاڵەبانی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە کردووە.
ئیحساق جەھانگیری "شەڕی دژ بە داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکانی موسڵ ، حەلەب و رەققەی بە گرنگ زانیووە".
جێگری سەرۆككۆماری ئێران باسی لە رۆڵی پێشمەرگەش کردووە و رایگەیاندووە "پێشمەرگەکانی کورد فاکتەرێکی گرنگ بوون لەشەڕی دژ بەتیرۆردا و پێویستە کورد یەکڕیزی خۆیان بپارێزن، ھەم بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن و ھەم بگەنە ئەنجامێکی باش، ھەروەھا یەکڕیزیی کورد لە شەڕی داعش و روبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان زۆر گرنگە".
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "د.بهرههم ساڵح بایهخی پهیوهندی نێوان ههرێمی كوردستان و ئێرانی دووپاتكردووەتەوە، بهسوپاسهوه باسی له پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هێزی پێشمهرگهی كوردستان و هێزهكانی عێراق له شهڕی داعش كردووە".
د.بهرههم ساڵح راشیگەیاندووە "ئێستاش كه داعش روو له شكانه، كاتیهتی دایالۆگ لهنێوان پێكهاتهكانی عیراق دهستپێبكات بۆ كۆتاییهێنان به گێژاوی قهیرانه بهردهوامهكانی عێراق و، ههوڵبدرێت بۆ رێككهوتن لهسهر چارهسهری بنهڕهتی كێشهكانی عێراق".
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە 9-8-2016 بڕیارە شاندەکە لەگەڵ ھەر یەک لە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکەی یەکێتی و عەلی شەمخانی لە کاتێکدایە نێوبراو لە رۆژی 12-6-2016 کرایە رێکخەری باڵای سەربازیی و ئەمنی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەر یەک لە رووسیا و سووریا بۆ دژایەتی داعش و گرووپەکانی دیکە، کە لە روانگەی ئەو سێ وڵاتە تیرۆرستن.
ئێوارەی رۆژی 7-8-2016 شاندێکی باڵای یەکێتی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
ئەو شاندەی یەکێتی، کە د.بەرھەم ساڵح، سەرۆکایەتی دەکات، پێکدێت لە؛ ئەرسەلان باییز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، عەدنان حەمەی مینا و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی. ھاوکات نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە ئێران، وەکو ئەندامێکی شاندەکەی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکات.