زانیاری نوێ لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و عێراق

08-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 277 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لیستی نوێی ناوی خانەنشینی پارێزگای سلێمانی بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان تەواوکراوە و لە هەولێر و دهۆکیش کاری تێدا دەکرێت.
 
گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای کردووە هەموو لیستەکان تاوەکو 10ـی ئەم مانگە تەواو بکرێن.
 
3-7-2024 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پەسندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی دا، بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵ."
 
ئەوەی پێویستە و داوا کراوە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لیستی نوێی ناوی خانەنشینانە کە دەبێت ناوی چواری خانەنشین، ناوی دایک و شوێنی نیشتەجێبوونەکەی بە وردی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکرێت.
 
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیستی نوێی ناوی خانەنشینان لە پارێزگای سلێمانی تەواو کراوە و نێردراوە بۆ هەولێر؛ گوتیشی "لە هەولێر و دهۆکیش کاری تێدا دەکرێت و وەزارەتی دارایی داوای کردووە تاوەکو 10ـی ئەم مانگە، تەواوی لیستەکان ئامادە بکرێن." 
 
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر ناوەکان بە رێکوپێکی لە هەرێمی کوردستانەوە بنێردرێن بۆ عێراق، لەوێ دوای وردبینییەکی خێرا پەسند دەکرێن".
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەی هاوتاکراو وەردەگرن، سادق عوسمان گوتی: "یاسای بودجەی 2024 پەسند کراوە و باسی هاوتاکردنی مووچەی تێدا نییە، بەڵام محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنی داوە لەو پارەیەی بۆ خەرجی لەبەردەستیەتی، پارەی هاوتاکردنی مووچە بۆ مانگەکانی ئەم ساڵ خەرج بکات، ئەگەر لیستەکە پەسند کرا."
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە بودجەی ساڵی 2025دا هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق جێگیر دەکرێت.
 
بەپێی داتای فەرمی، لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەس خانەنشینن، کە کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا کەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە.
 
سادق عوسمان باسی لەوەکرد، بڕیاری ژمارە 212 لە دادگەی فیدراڵی لە 23-11-2022 دەرچووە کە بڕگەیەکی تێدایە دەڵێت لە بەرواری دەرچوونی ئەو بڕیارەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014، واتە فەرمانبەران لە 23-11-2022ـوەوە دەبێت بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێکرد و حکومەتی عێراق پابەند نەبوو، ئەوان بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، سکاڵا دژی جێبەجێنەکردنی داواکانیان تۆمار دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.