کۆمیسیۆن: 3.7 ملیۆن کەس بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە

08-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە سێ ملیۆن و 789 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زۆرترین دەنگدەریش لە سنووری پارێزگای سلێمانین.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە ئەو کەسانەی بایۆمەتریان کردووە و لیستی دەنگدانیان نوێکراوەتەوە 2 ملیۆن و 901 هەزار و 80 کەسن. 
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی دەنگدەران و ئەوانەی تۆمارکراون بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر
 
کۆی گشتیی دەنگدەران: 1 ملیۆن و 366 هەزار و 462 دەنگدەر 
تۆمارکراون: 1 ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر
 
سلێمانی
 
کۆی گشتیی دەنگدەران: 1 ملیۆن و 496 هەزار و 152 دەنگدەر 
تۆمارکراون: 1 ملیۆن و 146 هەزار و 530 دەنگدەر
 
دهۆک
 
کۆی گشتیی دەنگدەران: 926 هەزار  و 746 دەنگدەر 
تۆمارکراون: 738 هەزار و 193 دەنگدەر
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هێشتا زیاتر لە 380 هەزار کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە.
 
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ئەوانەی دەتوانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگبدەن بەبەراورد بە ماوەکانی رابردوو زیادی کردووە، چونکە دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ لەدایکبووانی نوێ کرایەوە و دواتر دەرفەت بۆ خۆتۆمارکردنی بایۆمەتری کرایەوە."
 
هەرچەندە لە رۆژی 4ـی ئەم مانگەوە تاوەکو رۆژی 15ـی مانگ مۆڵەتی کۆمیسیۆنە بۆ ئەو لایەنانەی پێشتر لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێش نەکردبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی نوێ لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێش نەکردووە، بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن گوتی: "بەداخەوە راهاتووین ئەو لایەن و بەربژێرانە لە دوا وادەکانی کۆتایی ئەو ماوەیە لیستەکانیان پێشکێش دەکەن."
 
رۆژی چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە