لە سێ مانگدا 318 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە پارێزگای سنە سووتاوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، لە سێ مانگی رابردوودا 40 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە هەبوون و 318 هێکتار دارستان و لەوەڕگە بەهۆیانەوە سووتاوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی تەمموزی 2024، بەهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، "زۆرترین ئاگرکەوتنەوە لەو سێ مانگەدا لە سنووری شاری مەریوان بووە و 93 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە؛ کەمترین ئاگرکەوتنەوەش بە رووبەری 8 هێکتار لە سنووری شاری دیواندەرە بووە." 
 
لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری شارەکانی دیکەی هەمان پارێزگا، بەهزاد شەریفیپوور گوتی، "13 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی سنووری شاری بانە هەبوون، لە ئەنجامدا نزیکەی 17.5 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون؛ هەروەها لە سنووری دێگوڵان 23 هێکتار، لە سنووری سەقز 22 هێکتار، لە سنووری قوروە 60 هێکتار، لە سنووری سەوڵاوا 41.5 هێکتار، لە سنووری شاری سنە 32 هێکتار، لە سنووری کامێران 32 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان سێ مانگی ساڵی رابردوودا 43 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرابوون، 427 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتابوو.
 
زیاتر لە 60٪ـی رووبەری پارێزگای سنە، کە دەکاتە یەک ملیۆن و 587 هەزار هێکتار، لە دارستان و لەوەڕگە پێکدێت.