کەرکووک.. لە یەک شەودا سەگی بێلانە 13 کەس بریندار دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی یەکشەمە 7ی 7 لە دوو گەڕەکی کەرکووک، بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە 13 کەس بریندار بوون، لە نێویاندا 5 منداڵ و دوو ئافرەت هەبوو.
 
‎لە یەک ماڵەدا سێ کەس بریندارن، بێلای تەمەن 7 مانگ، سەگ لە سێ شوێنی جەستەی پەلاماری داوە و برینداری کردووە.
 
‎لە کاتی دەرهێنانی بێلا لە پەلاماری سەگەکە، مام و پورێکی بێلا بریندار بوون. 
 
‎ئەحمەد عوسمان مامی بێلایە و دەڵێت: "سەگێکی بێلانە خۆی کرد بە حەوشی ماڵمان و کە لە دەرگاکە رۆیشتە ژوورەوە پەلەماری ئەم منداڵەی دا، خوشکەکەم بەرەو رووی سەگەکە رایکرد، سەگەکە دەستی ئەم منداڵەی بریندار کرد و قەپاڵی لە پێی و دەستی راستی دا. خوشکەکەمیش بریندار بوو، کاتێک براکەم بەڕووی سەگەکە رۆیشت، پەلەماری براکەمی دا و ئەویش بریندارە."
 
‎رووداوەکە لە هەردوو گەڕەکی رزگاری و شۆرجە بووە، زۆریی سەگی بێلانە لەو دوو گەڕەکە ترسی لە دڵی خەڵک دا درووست کردووە.
 
‎تێمێکی هاوبەشی نەهێشتی سەگی بێلانە بەنێو چەند گەرەکێکی کەرکووک دەسووڕێنەوە و لەگەڵ بینینی هەر سەگێک، بە فیشەک لە ناوی دەبەن.
 
‎محەممەد فەرحان، کارمەندی قایمقامیەتی کەرکووکە و دەڵێت: "لە هەر شوێنێک سەگێک ببینین، هاربێت یاخود زیانی بۆ خەڵک هەبێت، ئێمە لەناوی دەبەین، هەر کەسێکیش سەگ لە کۆڵانەکەیان بێزاری کردبێتن، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن ، ئێمە رۆژانە 20 سەگ و هەندێک جار 30 بۆ 40 سەگ لەناو دەبەین." 
 
‎ئەگەرچی لە کەرکووک شێڵتەری تایبەت بە حەوانەوەی سەگ هەیە، بەڵام نەبووەتە هۆکاری کەمکردنەوەی سەگی بێلانە.