رووداو دیجیتاڵ
شەوی یەکشەمە 7ی 7 لە دوو گەڕەکی کەرکووک، بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە 13 کەس بریندار بوون، لە نێویاندا 5 منداڵ و دوو ئافرەت هەبوو.
لە یەک ماڵەدا سێ کەس بریندارن، بێلای تەمەن 7 مانگ، سەگ لە سێ شوێنی جەستەی پەلاماری داوە و برینداری کردووە.
لە کاتی دەرهێنانی بێلا لە پەلاماری سەگەکە، مام و پورێکی بێلا بریندار بوون.
ئەحمەد عوسمان مامی بێلایە و دەڵێت: "سەگێکی بێلانە خۆی کرد بە حەوشی ماڵمان و کە لە دەرگاکە رۆیشتە ژوورەوە پەلەماری ئەم منداڵەی دا، خوشکەکەم بەرەو رووی سەگەکە رایکرد، سەگەکە دەستی ئەم منداڵەی بریندار کرد و قەپاڵی لە پێی و دەستی راستی دا. خوشکەکەمیش بریندار بوو، کاتێک براکەم بەڕووی سەگەکە رۆیشت، پەلەماری براکەمی دا و ئەویش بریندارە."
رووداوەکە لە هەردوو گەڕەکی رزگاری و شۆرجە بووە، زۆریی سەگی بێلانە لەو دوو گەڕەکە ترسی لە دڵی خەڵک دا درووست کردووە.
تێمێکی هاوبەشی نەهێشتی سەگی بێلانە بەنێو چەند گەرەکێکی کەرکووک دەسووڕێنەوە و لەگەڵ بینینی هەر سەگێک، بە فیشەک لە ناوی دەبەن.
محەممەد فەرحان، کارمەندی قایمقامیەتی کەرکووکە و دەڵێت: "لە هەر شوێنێک سەگێک ببینین، هاربێت یاخود زیانی بۆ خەڵک هەبێت، ئێمە لەناوی دەبەین، هەر کەسێکیش سەگ لە کۆڵانەکەیان بێزاری کردبێتن، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن ، ئێمە رۆژانە 20 سەگ و هەندێک جار 30 بۆ 40 سەگ لەناو دەبەین."
ئەگەرچی لە کەرکووک شێڵتەری تایبەت بە حەوانەوەی سەگ هەیە، بەڵام نەبووەتە هۆکاری کەمکردنەوەی سەگی بێلانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ