لە خوورماتوو داعش کوڕ و باوکێکی ماسیگر دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای خورماتوو کوڕ و باوکێکیان کوشت کە ماسیگر بوون. بەڕێوەبەری پۆلیسی خوورماتوو دەڵێت، "داعش دەستڕێژی گوللـەی لێکردوون".
 
عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای خوورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی تەمموزی 2024، چەکدارانی داعش لە سنووری دەریاچەی زەرگە، دوو هاووڵاتیی دانیشتووی قەزاکەیان بە دەستڕێژی گوللـە کوشت".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، ئەو دوو کەسەی کوژراون، کوڕ و باوكێک بوون، باوکەکە تەمەنی 50 ساڵ و کوڕەکەشی 25 ساڵە، هەردووکیان ماسیگر بوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو کەسە لە کاتی راوکردن بەلەمێکی بچووکیان پێبووە و خەریکی ماسیگرتن بوون، باوک و کوڕەکە عەرەبی سوننە مەزهەبن و دانیشتووەی قەزاکەن.
 
ئەوە یەکەمجار نییە داعش پەلاماری راوچییەکانی سنووری دەریاچەی زەرگە دەدات، پێشتر خەڵکی دیکەی ناوچەکەی رفاندووە و کوشتوونی.
 
چەکدارانی داعش هێشتا لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای خوورماتوو دژی خەڵک و ‌هێزە ئەمنییەکان جوڵەیان هەیە، ناوچەکە بە یەکێک لە ناوچەی بۆشایی ئەمنیی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دادەنرێت.