کچێکی رووسی دەبێتە بووکی گەڤەری باکووری کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

ئەلۆنا پۆپۆڤا، کچێکی رووسییە لە ساڵی 2018 چووەتە ئیستەنبووڵ و کەوتووەتە داوی خۆشەویستیی گەنجێکی جۆلەمێرگ، دوای پێنج ساڵیش لە پەیوەندیی خۆشەویستی، ژیانی هاوژینییان پێکهێنا و لە ئاهەنگەکەیدا هەڵپەڕکێی کوردی کرد.
  
ئالۆنا پۆپۆڤا، ساڵی 2018 بۆ خوێندنی زانکۆ لە وڵاتی خۆیەوە روویکردبووە ئیستەنبووڵ، لەوێ لەگەڵ گەنجێکی جۆلەمێرگی بە ناوی ئوگوور چاپا، ئاشنا بوو و دوای پێنج ساڵ و کاتێک تەمەنی گەیشتە 26 ساڵ، بەیەکەوە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان کرد.
 
ئالۆنا دەڵێ "ئێمە لە ساڵی 2018 لە زانکۆ یەکدیمان ناسی. زۆر یەکترمان خۆشدەوێت و ئەمڕۆ هاوسەرگیریمان کرد، زۆر دڵخۆشم و زۆر حەزم لە گەڤەرە و مرۆڤی چاکن".
  
زاوا، بەهۆی خوێندن و کارکردنەوە چەندین ساڵ لە ئیستەنبووڵ ژیاوە، بەڵام بۆ ئەوەی هاوژینەکەی فێری کولتوور و نەریتی کوردان ببێت، بڕیاریان داوە دوای ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان لە گەڤەر لەنزیک خزم و کەسوکاری زاوا، بژین.
 
ئوگوور چاپای زاوا دەڵێ "ئێمە لە ساڵی 2018ـەوە بەیەکەوەین، یەکدیمان خۆشدەوێت و هاوسەرگیریمان کرد، بیردەکەیەنەوە لەوەی بۆ ژیان گەڤەر هەڵبژێرین، چونکە دەمەوێت فێری کولتووری ماڵباتی ئێمە ببێت". 
   
بووکە رووسییەکە زۆر وڵات گەڕاوە، بەڵام دەڵێ هیچکات کەسانی باشی وەکو خەڵکی جۆلەمێرگی نەبینیوە، باسی ئەوەش دەکات "من پێشتر چوومەتە کۆریا و چین، بەڵام مرۆڤی وەک ئەوانەی ئێرەم نەبینیوە، هەرکاتێک پێویست بووبێت، یارمەتیت دەدەن و بەمەش زۆر بەختەوەرم".
 
 ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئالۆنا و ئوگوور وەک نەریتی کوردانی ئەو ناوچەیە دوو رۆژ بەردەوام بوو.