شارەوانیی شاوێس: گەڕەکی قەرەبوو پێویستی بە 400 ملیۆن دینارە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی شاوێس لە هەولێر رایگەیاند، ژمارەیەک کار و پڕۆژەمان لە قۆناخی جێبەجێکردندان، وەک کۆنکرێت و قیرتاوکردنی گەڕەکەکانی ئازادی، شاوێسی نوێ و کەڵەکین. ئاوەڕۆش بۆ نیوەی گەڕەکی بەهاری نوێ کراوە، بۆ نیوەکەی دیکەش دەرخستەیان بەرزکردووەتەوە. 
 
قاسم محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی شاوێس بە رادیۆی رووداوی گوت، وەکو پێویست نەمانتوانیوە خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی قەرەبوو ببەین، ئەگەرچی لە ساڵی رابردوودا دەرخستەشمان بۆ ئامادەکردووە بەبڕی 400 ملیۆن دینار، کە دروستکردنی ئاوەڕۆ و تێکەڵەڕێژی رێگاکان و دانانی شۆستە لەخۆدەگرێت، بەڵام تائێستا رەزامەندی لەسەر نەدراوە.
 
گەڕەکی قەرەبوو، یەکێکە لە گەڕەکە تازەکانی شاوێس و زیاتر لە 300 ماڵی تێدا نیشتەجێن و بەردەوامیش خانووی تازەی تێدا دروستدەکرێت، کە بەشێکیان بەشێوەی کارت و بەشێکیشیان بوونەتە تاپۆ.
 
بەگوتەی قاسم محەممەد، شاوێش بە گشتی لەچاو ساڵانی رابردوودا کێشەیەکی ئەوتۆی نییە.
 
سەبارەت بە کێشەی ئاو لە کۆمەڵگەکە، قاسم محەممەد گوتی "لە پارەوە ژمارەیەک بیر ئاوەکانیان کەمی کردووە، بەڵام لە رێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیمان ئاو بۆ ئەو شوێنانە دابین بکەین، کە کێشەی کەمی ئاویان هەبوو، ئێستا کە گرفتەکە خەریکە سەرهەڵدەداتەوە دەزگای خێرخوازی بارزانیمان ئاگادار کردووەتەوە و چاوەڕێین جارێکی دیکە گرێبەست لەگەڵ تانکەرەکان بکات بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ئەو شوێنانەی کێشەی کەمی ئاویان هەیە".
 
لە سنووری شارەوانیی شاوێس، زیاتر لە پەنجا بیری ئیرتیوازی هەن، بەڵام سەرۆکی شارەوانیی کۆمەڵگەکە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی تۆڕی گەڕەکەکانی شاوێش بەیەکەوە نەبەستراوەتەوە و هاونیشتیمانیانیش رەچاوی پاراستنی سامانی ئاو ناکەن، خەریکە گرفت بۆ بیرەکان دروست دەبێت.
 
لەبارەی رێپێنەدان بە دروستکردنی خانوو لە گوندی کەڵەکینی شاوێس، قاسم محەممەد دەڵێت "لەسنووری شارەوانییەکەمان تەنیا ئەو گوندە کەوتووەتە ناو ماستەرپلانەوە بۆیە رێگەپێدان بەدروستکردنی خانوو راگیراوە، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی کەسنەزان کردووە، وەکو گەڕەکەکانی ناو شاوێس رێگەپێدان بدرێت بەدانیشتووانی گوندی کەڵەکین، ئەوانیش چاوەڕوانی بڕیاری حکومەت دەکەن، کە خەریکە ماستەرپلانێکی دیکە بۆ شاری هەولێر دادەڕێژێتەوە، ئەوکات ئەگەر زەوییەکان نەکەوتنە ناو ماستەرپلان، رێگەپێدانیان پێدەدرێت".
 
ماوەی چەند ساڵێكە رێگای کۆنی گوندی شاوێس بە خراپی تێکچووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، سەرۆکی شارەوانیی شاوێسیش دەڵێت: "ئەمە یەکێکە لە پڕۆژە سەرەکییەکانی ئێمە و بەبڕی 176 ملیۆن دینار دەرخستەمان بۆی کردووە و پارێزگاری هەولێریش رەزامەندی سەرەتایی لەسەر داوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دواکەوتووە".