رووداو دیجیتاڵ
لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەسپی کورد، کە لە یاریگەی شۆڕشی کرماشان لە دوو رۆژی رابردوودا بەڕێوەچوو، 100 ئەسپی کورد پێشان دران. بەپێی ئامارەکان؛ نزیکەی 10 هەزار ئەسپی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە.
ئەسپی کوردی زیاتر لە کرماشاندا بەخێو دەکرێت، بەڵام لە سنە، ورمێ و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەندێ لە پارێزگاکانی ئێرانیشدا هەیە. ئەسپی کوردی لە ئاستی ئێراندا تۆمار کراوە، بەرپرسان ئێستا لە هەوڵدان لە ئاستی جیهانیشدا تۆماری بکەن، بۆ ئەوەی رێگە لە لەنێوچوونی بگیرێت و پەرەشی پێبدرێت، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە هاوکاریی هەرێمی کوردستانیش هەیە.
ستار ئەڵماسی، سەرۆکی دەستەی سوارچاکانی پارێزگای کرماشان گوتی، "چاوەڕێی وڵاتی دراوسێی بەڕێزمان هەرێمی کوردستانین، کە دوای ئەوەی ئەسپی کوردی بە ناوی ئەوانیشەوە لە ئاستی نیشتمانیدا تۆمار کرا، پێکەوە بە هاوبەشی بتوانین بە ناوی کرماشان، کە ئاخێزگەی ئەسپی رەسەنی کوردە، ئەم میراتە دێرینە لە ئاستی جیهانیدا تۆمار بکەین."
لەو فێستیڤاڵەدا شاندێکی وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون و لەنێوان ئەو شاندە و پارێزگای کرماشاندا رێککەوتن کراوە، بازاڕچەی هاوبەشی ئەسپی کورد لەنێوان کرماشان و هەڵەبجەدا بکرێتەوە.
ستار ئەڵماسی، سەرۆکی دەستەی سوارچاکانی پارێزگای کرماشان گوتیشی، "بۆ پشتیوانی لە بەخێوکەر و بەرهەمهێنەرانی ئەسپی رەسەنی کورد و رەگەزەکانی دیکەی ئەسپی ئێران، یەکەمین ناوەندی فرۆشی بازاڕچەی ئەسپی رەسەنی کورد لە بازاڕچەی پەروێزخان بکەینەوە."
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەسپی کورد، مەترسیش لەسەری هەیە. جەهانبەخش شوکری، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیشەیی خاوەن ئەسپە کوردییەکانی کرماشان، پاییزی پار گوتبووی: لە رێی دەڵاڵەکان و لە رێی نایاساییەوە ئەسپی کوردی بۆ دەرەوە دەڕوات، بەڵام ئەمە لەلایەکی زیان بە مارکەی ئەسپی کوردی دەگەیەنێت و لەلایەکی دیکەشەوە زیان بە ژینەتیکی ئەسپ دەگەیەنێت.
بەگوتەی جەهانبەخش شوکری، تێچووی راگرتن و بەخێوکردنی ئەسپی کوردی زۆر گران بووە و لە هەوڵدان لە رێی هەناردەوە بەشێک لە خەرجییەکانی بەدەستبێننەوە.
ئەسپی کورد بە بەهێزیی، هێمنی، ئاکاری باش، وریا و چاوگەش ناوبانگی هەیە. بەرپرسان هیوادارن ئەسپی کورد ببێتە هۆکاری گەشە و پەرەسەندنی پارێزگای کرماشان. ئەمە و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئەسپی کورد، هۆکارە سەرەکییەکانی بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵەن، کە رەنگە رۆژێک لە ئاستێکی زۆر گەورەتردا بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ