ژینگەی دهۆک هۆشداری دەداتە خاوەن موەلیدەکان لە پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک دەڵێت، نزیکەی دوو هەزار موەلیدە لەو پارێزگایەدا هەن و ئەگەر خاوەن موەلیدەکان پابەندی رێنماییەکانی فەرمانگەکە نەبن، بە بڕی یەک بۆ سێ ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزادەدرێن.
رۆژی شەممە 08-07-2023، دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرەی فەرمانگەی ژینگەی دهۆک میوانی بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سورەییا هەساری پێشکێشی کرد و رایگەیاند، ''لە دهۆک نزیکەی دوو هەزار موەلیدە هەن و بەردەوامیش بەهۆی گەورەبوونی پارێزگاکە، خواست لەسەر کارەبا بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا زیاد دەکات و ژمارەی موەلیدەکان زیاتر دەبن''.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، پێنج هەزار و 547 موەلیدەی تایبەت لە سنووری چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان؛ ئەو موەلیدانەی لە هەرێمی کوردستان هەن بە گازی شل کار دەکەن و چەند جۆرێکن، لە 250 کەیڤییەوە دەستپێدەکەن تاوەکو 1250 کەیڤی.
دڵشاد عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە ئەرکەکانی فەرمانگەی ژینگە چاودێریکردنی موەلیدەکانە بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەکان کار بکەن.
وەک بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک دەڵێت، هەندێک مەرج بۆ کارکردنی موەلیدەکان دانراون، کە دەبێ خاوەنەکانیان پابەندیان بن، لەوانەش کەم دووکەڵکردن، نەڕژانی گاز و سووتەمەنییەکەی بەسەر زەویدا؛ هەروەها نابێ دەنگی موەلیدەکە هاونیشتمانییان بێزار بکات.
لەبارەی زیانەکانی دووکەڵی موەلیدەکان د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "موەلیدەکان زیانی زۆر بە خەڵک و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەگەیێنن؛ هۆکارێکن بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان و پێست؛ هۆکاریشن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای نێو شارەکان، هەروەها هەبوونی دەنگی بەرزی موەلیدە، هۆکارێکی نەخۆشیی دەروونییە''.
دڵشاد عەبدولڕەحمان گوتی، بەپێی خشتەیەک رۆژانە بەردەوام چاودێری و سەردانی موەلیدەکان دەکرێت، ''بەڵام ئەگەر هەندێکجار خەڵک گلەییان لە موەلیدەیەکی دیاریکراوە هەبێت، [بەدەر لە خشتەکە] ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین''.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، لەو گەڕەکانەی موەلیدە لە ماڵەکان زۆر نزیکن، خەڵک گلەیی زۆریان لە دەنگیان هەیە و چارەسەری سەرەکییش بۆ ئەم گرفتە و پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی گازە مەترسیدارەکان، لەوەدا دەبینێت کە حکومەت کارەبای 24 کاژێری بۆ هاونیشتمانییان دابین بکات و کار بە سیستمی پریپەید بکرێت، نەک موەلیدە.
دڵشاد عەبدولڕەحمان جەختی لەوە کردەوە، ''لەکاتی سەردانی موەلیدەکان، ئەگەر کێشەیەکی بەرچاو وەکو دەنگ یان دووکەڵێکی زۆر ببینرێت، ماوەیەک دەرفەت دەدرێتە خاوەن موەلیدەکە بۆ ئەوەی چارەسەری بکات، ئەگەر هەر چارەسەر نەبوو، لە رێگەی دادگەوە بە پێبژاردنی گوژمەیەک سزا دەدرێت''.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە گوتیشی، بڕی پێبژاردنەکە لەنێوان یەک ملیۆن بۆ سێ ملیۆن دینار دەبێت و ''هەر جارێک کە خاوەن موەلیدە پابەندی رێنماییەکان نەبێت، بە گوژمەیەکی زیاتر پێبژاردن دەکرێت، بە جۆرێک کە هەندێک جار لە سێ ملیۆن دیناریش تێدەپەڕێت''.