هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ


دوای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە نزیکەی 1600 حاڵەتی گەستنی هاونیشتمانییان لەلایەن سەگەوە لە هەولێر تۆمارکرا، ئەمڕۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر دەستیپێکرد.
 
وەک یەکەم شوێن، لە گەڕەکی ژینی دارەتوو لە هەولێر، دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان کرا. رێبوار جەلال گەنجێکی خۆبەخشە و لە هەڵمەتەکەدا بەشدارە. ئەو، لەڕێگەی پێدانی گۆشت پێنج سەگی کۆکردەوە.
 
رێبواری خۆبەخش دەڵێ "من، تەنیا وەک خۆبەخش لەگەڵیاندام، چونکە خۆم زەرەرمەند بووم و باڵندەکانم سەگ خواردوونی. سەگ بایی 2 ملیۆن دینار باڵندەی خواردووم، هی من و دراوسێکانمی خواردووە".
 
سەگە بێلانەکان بە چوار رێگە کۆدەکرێنەوە: پێدانی گۆشت، دانانی سنووقی تایبەت بە گرتنی سەگ، لێدانی دەرزی سڕکردن، یان لەڕێگەی پێشکێشکردنی هاوکاری بەو کەسانەی سەگەکانیان ماڵی کردووە.
 
رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانی دارەتوو سەبارەت بە دەستپێکردنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەڵێ "لە گەڕەکی ژین دەستمانپێکرد، بەو هۆکارەی لەو گەڕەکە ژمارەیەکی زۆر سەگ هەن؛ هەڵمەتەکەش تاوەکو کۆکردنەوەی هەموو سەگەکان بەردەوام دەبێت".
 
دوای گرتنیان، سەگە بێلانەکان دەگوازرێنەوە شەڵتەرەکەی هەولێر، ئەو شەڵتەرەی لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی بەگوێرەی ستانداردی جیهانی دروستکراوە و توانای لەخۆگرتنی 12 هەزار و 500 سەگی هەیە.
 
شەڵتەری سەگی بێلانە لەلایەن پارێزگای هەولێر بە بڕی زیاتر لە 480 ملیۆن دینار دروستکراوە؛ ئیستا ئامادەیە و دەتوانێت سەگە بێلانەکان وەربگرێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی هەولێر، لە ساڵی 2022 نزیکەی 1000 کەیسی گەستنی مرۆڤ لەلایەن سەگەوە تۆمارکراوە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا 594 کەیسی دیکەی هاوشێوە تۆمارکراون.
 
یەکێک لە قوربانییەکان پیرۆت وسووە، کە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە هەولێر سەگ پەلاماریداوە و هێشتا برینەکان بە جەستەیەوە دیارن.
 
مام پیرۆتی خانەنشین، دڵخۆشە بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان و دەڵێ "نەک تەنیا من، ئەژدادی منیش ئیدی بە ئارامی دێ و دەچێت. سەگ جارێک منیان خواردووە، بەخوا خەڵک زۆر دەترسێت؛ ژن، منداڵ و پیاو. پیاو هەیە شێرە و، لە سەگەکان دەترسێت، ئێستا ئەمانیان نییە".
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرییەکان ، زیاتر لە 20 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر هەن.
 
سەگەکان چییان لێدەکرێت؟