لە زاخۆ گرووپێک بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پارەی خەڵک دەبات

08-07-2023
حەیدەر دۆسکی
گرووپێک بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پارەی خەڵک دەبات.
گرووپێک بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پارەی خەڵک دەبات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە زاخۆ گرووپێک پەیدابووە بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پارە لە خەڵک وەردەگرێت، دواتر پارەی خەڵکی دەبەن و خۆیان ون دەکەن. 
 
پێنج ساڵە دانیشتووەکی شاری زاخۆ بە ناوی کەرەم پەکیکەوتووە. خێزانەکەی تا توانیویانە پارەیان بۆ چارەسەرکردنی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بینێرنە دەرەوەی وڵات. 
 
خێزانی کەرەم 5,000 دۆلاریان قەرز کردووە و 2,500 دۆلاری دیکەش وەکو زەکات بە کەرەم دراون؛ بەڵام گرووپێک ئەوانی بە ئامانج گرتووە و فێڵی لێکردوون. تەواوی پارەکانیان بە بیانووی چارەسەرکردن لە تورکیا بردووە و لەو کاتەوە سیمکارتەکانیان گۆڕیوە و بێسەروشوێن بوون. 
 
دایکی کەرەم دەڵێت، "قسەمان لەگەڵ کردن، گوایە دەزگای خێرخوازیی بارزانییە و وێنەی سەرۆکیان لەسەر هەژمارەکەیان دانابوو." 
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی کاری ئەم گرووپە و هەوڵەکانیان بۆ فێڵکردن لە ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان، چەند تۆمارێکی دەنگیی گرووپەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون و دایکی کەرەم بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەمان کەسن کە فێڵی لێکردوون، گوێی لە تۆمارە دەنگییەکە گرت و گوتی، "بەڵێ، سوێند بەخوا ئەمە هەمان ئەو کەسەیە کە قسەی لەگەڵ کردین، گوایە پارێزەری وڵاتە و نوێنەری دڵشاد بارزانی یە." 
 
لە دهۆکیش هەمان گرووپ لەگەڵ خێزانێکی دیکە قسەیان کردووە؛ بە بیانووی ناردنی خێزانەکە بۆ ئەڵمانیا، داوای پارەیان لێکردووە. 
 
دایکی ژڤان کە قوربانییەکی دەستی گرووپەکەیە دەڵێت، "بە منی گوت، شێخ رێناسم لە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە. گوتی، لەسەر خەرجیی ئێمە دێی و خواردنی کوردیمان بۆ لێدەنێیت. بۆ ئەوەش بۆ هەر کەسێک 5,700 دۆلار دەدەن [ لە بەرامبەر گواستنەوەی خێزانەکە بۆ ئەڵمانیا]." 
 
ئەمانە و چەندین فێڵی دیکە بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە کراون. دەزگای خێرخوازیی بارزانیش داوا لە خەڵک دەکات متمانە بە هیچ کەسێک نەکەن کە بە ناوی ئەوانەوە قسە دەکەن. 
 
عەبدولواحید ئەمین، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی دەزگاکە دەڵێت، "ئێمە وەکو دەزگا متمانەی تەواومان بە خۆمان هەیە کە هیچ کارمەندێکمان ئەو کارانە ناکات. داوا دەکەین لەو شتانە ئاگادارمان بکەنەوە. ئێمە پارە لە هیچ کەسێک وەرناگرین. زانیومانە کە بە خەڵکی گوتراوە، 'بە دەزگا مەڵێن، ئێمە پارێزەری ئەوانین یان نوێنەریانین لە تورکیا' یان وڵاتێکی دیکە." 
 
پێش هەفتەیەک، ئاسایشی زاخۆ دوو کەسی دەستبەسەر کرد کە هەمان کاریان دەکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا چەند کەسێک و گرووپی دیکە ماون کە دەستگیر نەکراون.  
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە