زیاتر لە 5540 موەلیدە لە هەرێمی کوردستان هەن؛ 'هۆکاری گەرما و شێرپەنجەن'


رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5,500 موەلیدەی تایبەت هەن. پسپۆڕێکی ژینگە دەڵێت، گازی موەلیدە هۆکارێکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەیە و هۆکاریشە بۆ گەرمبوونی شارەکان.

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، پێنج هەزار و 547 موەلیدەی تایبەت لە سنووری چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان؛ ئەو موەلیدانەی لە هەرێمی کوردستان هەن بە گازی شل کار دەکەن و چەند جۆرێکن، لە 250 کەیڤییەوە دەستپێدەکەن تاوەکو 1250 کەیڤی.
 
موەلیدە لە هەولێر و سلێمانی 
 
لە سەنتەری شاری هەولێر هەزار و 130 موەلیدەی تایبەت رۆژانە کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان و لە تەواوی پارێزگاکەش بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 100 موەلیدە هەن. 
 
لە سەنتەری سلێمانی 545 موەلیدەی تایبەت هەن؛ لە ئیدارەی راپەڕین 160 موەلیدە؛ لە کەلار 120 موەلیدە؛ دەربەندیخان 33 موەلیدە و قەزای کفریش 29 موەلیدی تایبەت کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان.
 
لە دهۆک 2500 موەلیدە و لە هەڵەبجە 57 موەلیدە هەیە
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، تەنیا لەنێو شاری دهۆکدا 570 موەلیدە هەیە؛ بە گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆک کە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەگرێتەوە، دوو هەزار و 500 موەلیدە هەن. 
 
لە پارێزگای هەڵەبجە 57 موەلیدە هەیە؛ لەنێو شاری هەڵەبجە 43 موەلیدە؛ لە خورماڵ 9 موەلیدە، تەوێڵە 1 موەلیدە، بیارە 1 موەلیدە، سیروان 3 موەلیدە هەن.
 
ئامارەکەی رووداو موەلیدەی زۆرینەی گوند و ناحیەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە؛ هاوکات ئەو موەلیدانە تۆمار نەکراون کە لە شوێنە تایبەتەکاندا کاردەکەن، وەکو هۆتێل و رێستۆرانتەکان.
 
پسپۆڕێکی ژینگە: گازی موەلیدە هۆکاری شێرپەنجە و گەرمبوونی شارەکانە
 
زۆرینەی موەلیدەکانی هەرێمی کوردستان کوالێتییان نزمە و دووکەڵێکی زۆر دەکەن، لەبارەی زیانەکانی ئەو دووکەڵانەوە د.عەبدولموتەڵیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "موەلیدەکان زیانی زۆر بە خەڵک و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەگەیێنن؛ هۆکارێکن بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان و پێست؛ هۆکاریشن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای نێو شارەکان".
 
ئەو پسپۆڕەی ژینگە گوتی، هەبوونی دەنگی بەرزی موەلیدە هۆکارێکی نەخۆشیی دەروونییە؛ گوتیشی، "موەلیدەکان گازە گەرمەکان دەردەدەن، لەوانە گازەکانی یەکەم و دووەمی ئۆکسیدی کاربۆن؛ گازی میسان و گازی (SO4)، ئەوانە هەموویان کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان و ژینگەش هەیە".
 
د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت جەختی کردەوە کە گازە گەرمکەرەوەکان کە موەلیدەکان دەریدەدەن هۆکارێکی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە شارەکانن.
 
ئەو پسپۆڕەی ژینگە باسی لەوەشکرد، ئەو گازانەی موەلیدەکان دەریدەدەن هۆکارێکی "سەرەکی" نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان و شێرپەنجەی پێستن. گوتیشی، هەندێک لە گازی موەلیدەکان هۆکارن بۆ دروستبوونی ترشە باران، لەبەر ئەوەی (PH)ـی ئاوی باران دەگۆڕن و کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵیش دروست دەکات. 
 
د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت دەڵێت، "هەندێک موەلیدە دووکەڵێکی زۆریان هەیە کە لە رووی زانستییەوە (Swt)ـی پێدەگوترێت و لەسەر گەڵای دارەکان دەنیشنەوە و کاریگەریی خراپیان لەسەر دروست دەکەن؛ کاریگەریی لەسەر رێژەی سەوزاییش دروست دەکەن".
 
عەبدولموتەڵیب رەفعەت گوتی، ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ ئەوەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی کارەبا سوود لە وزەی خۆر وەربگیرێت و موەلیدەکان بە یەکەجاری لە شارەکان دووبخرێنەوە و کاریان پێنەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک 800 هەزار هاوبەشی کارەبای نیشتمانی هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا سوود لە موەلیدەکان وەردەگرن.
 
چوارشەممەی رابردوو، 5ـی تەممووز، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، توانای بەرهەمهێانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە 3 هەزار و 800 مێگاواتەوە دەستپێدەکات و هەندێکجار چوار هەزار مێگاوات تێدەپەڕێنێت، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا لەم وەرزەدا 5 هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە. گوتیشی، "ئێستا لە وەرزی گەرماداین و لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەبوونی کارەبای نیشتمانی لە 16 کاژێر نەهاتووەتە خوارەوە".