کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک: داهاتی مانگانەی گەشتیاری زیاتر لە چوار ملیار دینارە

08-07-2022
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک: داهاتی مانگانەی گەشتیاری زیاتر لە چوار ملیار دینارە
کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک: داهاتی مانگانەی گەشتیاری زیاتر لە چوار ملیار دینارە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی دانیشتووی بەغدا کە لەگەڵ گرووپێکی گەشتیاری چوونەتە دهۆک، بە نیازن بۆ ئەم جەژنە لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە بمێننەوە، ئەوان سەرەتا چوونە سەیرانگەی ئینشکێ لە ئامێدی و بڕیاریانداوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.
 
ئەو خێزانە کە رۆژانە لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناری عێراقی خەرج دەکەن، دەڵێن، بۆ ئەم گەشتەیان ملیۆنێک دیناریان لەگەڵ خۆیان بردووە و بەنیازن لە شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک و هەرێمی کوردستان خەرجی بکەن.
 
ئەحمەد سەعد، گەشتیار بە رووداوی گوت: "100 هەزار بۆ خواردن و خواردنەوە و گواستنەوەیە، 50 هەزاریش بۆ کۆمپانیایە کە رۆژانە دەکاتە 150 هەزار دینار. نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکان باشن و مامناوەندن."
 
200 کۆمپانیای گەشتیاری لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق گەشتیار دەگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، بۆ رۆژانی جەژن، پێشبینی دەکرێت، هەر گەشتیارێک لەنێوان 250 تاوەکو 300 دۆلار خەرج بکات.
 
حەمزە ئەلعاتی، سەرۆکی گرووپێکی گەشتیاری بە رووداوی گوت: "کرێی گواستنەوە لە بەغداوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 100 هەزار دینارە کە بۆ ماوەی پێنج رۆژە، ئەوە لەگەڵ هۆتێل، مۆتێل و گەڕان لە شوێنە گەشتیارییەکان، ئەوە بۆ هەرکەسێک ئەو نرخەیە نەک خێزانێک، ئەو خەرجییانەی دیکە گەشتیارەکان خۆیان لە شوێنە گەشتیارییەکان و خواردنگەکان خەرجی دەکەن کە رۆژانە لە نێوان 100 تاوەکو 150 هەزار دینارە."
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک، داهاتی مانگانەی گەشتیاری بە زیاتر لە چوار ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، ساڵانەش ژمارەی داهات و گەشتیارەکانیان زیاتر دەبێت.
 
ئیحسان شێخ عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێل لە دهۆک باسی لەوە کرد: "هەر گەشتیارێک کە دێتە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 200 دۆلار خەرج دەکات، چی بۆ خواردن یان خواردنەوە یان هۆتێل و بازاڕکردن بێت. دەڵێن لە جیهاندا ئەو گەشتیارانەی کە دەچنە فەرەنسا زۆرترین پارە خەرج دەکەن کە 190 یۆرۆیە، بەڵام بڕوا بکە ئەوانەی دێنە هەرێمی کوردستان ئەگەر زیاتر خەرج نەکەن کەمتر نییە."
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، سێ ملیۆن و 112 هەزار و 500 گەشتیار سەردانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە