20 رۆژە حەوت گەنجی پارێزگای دهۆک لە لیبیا بێسەروشوێنن


رووداو دیجیتاڵ

20 رۆژە حەوت گەنجی دانیشتووی سنووری پارێزگای دهۆک لە وڵاتی لیبیا بێسەروشوێنن، ئەوەش دوای ئەوەی ویستوویانە خۆیان بگەیێنە وڵاتانی ئەوروپا. خێزانی ئەو گەنجانە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی گەڕانەوەیانن، بەڵام هیچ هەواڵیکیان لەبارەوە نازانن.
 
خەمێ محەممەد، دایک و پووری دوو لەو گەنجانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئیشاڵڵا بەڵکو شتێک هەبێت، خوایە گیان هانا بۆ تۆ دەهێنم خەریکە دڵم دەتەقێت، دڵمان نایەت بگرین، هەندێک دەڵێن بەڵکو لە ژیان مابن، بەڵام دڵی من واناڵێت، برازاکەم زۆر گوناهە، بێ دایک و باوکە و، لای من گەورە بووە."
 
بەپێی دوایین گرتەڤیدیۆ کە گەیشتووەتە دەست کەسوکارەکەی، ئەوان لە وڵاتی لیبیا دەستگیرکراون و لە ناو چوار قاچاخچیدا چەندین وڵاتیان کردووە تاوەکو گەیشتوونەتە لیبیا، کەسوکارەکانیان دەڵێن، هانایان بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە.
 
مەردان ئەلکیشکی، کەسوکاری یەکێک لە گەنجەکان دەڵێت: "دەوروبەری 01-06 بەڕێکەوتن، لە 14-06ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکیان نازانین، دوایین ڤیدیۆیان لە 14-06 بوو کە بینیمان، هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگمان بگەیێنێت و ئەوان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە."
 
دلۆڤان فازل، برای یەکێکی دیکە لە گەنجە بێسەروشوێنبووەکانی دهۆک باسی لەوە کرد: "ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەو قاچاخچییە هەبوو کە پێش ئێستا خەڵکی بە قاچاخ دەرباز کردووە، هەروەها تاوەکو بەریتانیا و بێلاڕووس خەڵکی بردووە، بەڵام بۆ ئەم رێگەیە ئەوە یەکەم جارە و لەسەر ئەم چەند گەنجە تاقیکردووەتەوە، چوونەتە میسر و لەوێش بۆ لیبیا، لە لیبیا خۆیان رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە."
 
ئەو گەنجانە ژمارەیان حەوت کەسە، شەش کەسیان دانیشتوونی ناحیەی مانگێشکن و یەکێکی دیکەیشیان دانیشتووی شیلادزێیە، بچووکترینەکەیان تەمەنی 17 ساڵە و ئەوەشی کە لە هەموویان گەورەترە، تەمەنی 27 ساڵە و هیچ کامێکیان خێزاندار نین.