بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر لە سلێمانی لادەدرێن و بەرپرسی نوێیان بۆ دادەنرێن


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای زانیاری و دەزگای دژەتیرۆر لە سنووری سلێمانی گۆڕانکارییان تێدادەکرێت و لە سنووری قەڵاچوالانیش جووڵە بە هێز کراوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، چەند رۆژێک پێش ئێستا گۆڕانکاری لە هەردوو دەزگای دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری لە سنووری سلێمانی لە لایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کراوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆش بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی دیکەی تایبەتی هەبووە و تێیدا کەسانی نوێ بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە هەردوو دەزگاکەدا پێشنیازکراون. 

سەرچاوەیەکیش بە رووداوی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان محەممەد تاڵەبانی، بەرپرسی دەزگای زانیاری لە قەڵاچوالان لە کارەکەی لابردووە و ئەژی ئەمینی وەک بەرپرسی دەزگاکە دیاریکردووە. چوونی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ دەزگای زانیاری کاژێر 10:00ـی پێشنیوەڕۆ بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، بەرپرسی هێزی دژەتیرۆریش گۆڕدراوە و چەند بەرپرسێکیش دەستگیرکراون، لەوانەش محەممەد تاڵەبانی و خوشکەزایەکی لاهوور شێخ جەنگی.

بە گوتەی سەرچاوەکە، بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی ناڕەزایی دروستکردووە و بەو هۆیەشەوە جووڵە بە چەند هێزێک کراوە، لەوانەش هێزی کۆماندۆ و دژەتیرۆر. 

سەرچاوەکە بە رووداوی گوت، چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە هەوڵی ئەوەدان دۆخەکە هێوربکەنەوە و رێگەنەدەن هیچ کێشەیەک دروستبێت.
 
هاوکات تیمی یەکێتی لە حکومەت داوایان کردووە فەرمانی هەرێمی بۆ گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاری دەربچێت، داواکارییەکەش لەلایەن تیمی یەکێتییەوە دراوەتە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.