گالەری

رووداو - مووسڵ

رێکخرای یونسکۆ بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپا، پرۆژیەکی راگەیاندووە بۆ گرنگیدان بە موسڵی کۆن و نۆژەنکردنەوەی شوێنە کەلەپوورییەکانی ئەو شارە، بەهۆیەوەی دەرفەتی کار بۆ 250 ژن و کچی ئەو شارە رەخساوە، کە بەشێکیان زەرەرمەندی دەستی داعشن.


بەها ئەلنعێمی، رێکخەری کۆمەڵایەتی لە رێکخراوی یونسکۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی شوێنە کەلەپوورییەکانی موسڵی کۆن کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ و بە پاڵپشتیی یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی پرۆژەی "ژیاندنەوەی رۆحی موسڵی کۆن" دەکرێت و بەهۆیەوە دەرفەتی کار بۆ 250 ژن و کچی موسڵ رەخساوە کە بەشێکیان زەرەرمەندی دەستی داعش بوونە.

بەها ئەلنعێمی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشداربووان لەسەر پیشەی نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپوورییەکان و کارە دەستییەکان دەکرێن، پرۆژەکە دوو قۆناخی بەڕێوەچووە و بەردەوامیش دەبێت، لە هەر قۆناخێکدا ژمارەیەک ژن و کچ تێیدا بەشداربوونە و کارەکان زیاتر کاری دەستین، قۆناخی یەکەم لە مانگی ئایار بەڕێوەچوو و ئێستاش قۆناخی دووەمی بەڕێوەدەچێت.

رەوا سەبهان (21 ساڵ) یەکێک لە بەشداربووانی پرۆژەکەیە و زەرەرمەندی دەستی داعشە. رەوا سەبهان بە رووداوی راگەیاند، کاتێک داعش لە موسڵ بوو، نەهامەتی زۆرمان بینی و لە کاتی ئازادکردنی موسڵدا خوشکم کوژرا، ئێستا دڵخۆشم کە لەو پرۆژەیەدا بەشدارم و چێژ لەو پیشەیە وەردەگرم.