ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسندکرد
رووداو - هەولێر
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە و دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتریی پەسندکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی راپۆرتێکی لەبارەی بایۆمەتری خستەڕوو و تێیدا بە زانیاری و وردەکارییەوە باسی قۆناخەکانی سیستەمەکە و ئامانج و ئەنجامەکانی کرد، کە پرۆژەیەکی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێک بێت بۆ تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆران.
دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری پەسندکرد بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پرۆگرامەکە، تاوەکو بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجكردنی کردارەکی چاکسازی بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حوکمڕانیی دروست.
وەکو لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە "دواتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵی خستەڕوو، لەوانە رێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان بەجۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و رێگەگرتن لە تەرخانکردن و بەکارهێنانی زەویی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی. لە تەوەرێکی دیکەشدا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری خستەڕوو لە رێگەی پرۆژەی هاوبەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کەرتی تایبەت وەکو سەرچاوەیەکی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە. ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسندکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەو بوارانەدا".
لە تەوەرێکی دیکەشدا، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار و دادی راسپارد بۆ پەلەکردن لە راییکردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لەبەر رۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.