بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان جێبەجێنەکراوە

08-07-2019
 سەرۆکی لیژنەی وزە: ئەو پاڵاوگانە شەوانە و بەشێوەی شاراوە کاردەکەن
سەرۆکی لیژنەی وزە: ئەو پاڵاوگانە شەوانە و بەشێوەی شاراوە کاردەکەن
نیشانەکردن پاڵاوگە نایاساییەکان
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

پاڵاوگە نایاساییەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا هەموویان لە شوێنی خۆیان لە کارکردن بەردەوامن و، بڕیاری لابردنیان لە هیچ شارێک جێبەجێ نەکراوە.


لە هەرێمی کوردستان 164 پاڵاوگەی نایاسایی هەن: 106ـیان لە هەولێرن 28  لە سلێمانی و 30 پاڵاوگەشیان لە دهۆکن، ئەمە هەمان ئەو ئامارەیە کە پێش بڕیاری داخستن و لابردنی ئەو پاڵاوگانە، بڵاوکرایەوە.

کەریم عەلی کەریم، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ "ئەو پاڵاوگانە هیچیان لانەبراون و لە کارکردن بەردەوامن، کارەکانیشیان بە شێوازێکی شاراوەییە و شەوانە کاردەکەن، بەرهەمیشیان هەیە و گازی ناوخۆیی بەرهەمدەهێنن. بۆ ئێمە جێگەی گومانە کە بڕیارێک لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ دەربچێت و جێبەجێنەکرێت، واتە خەڵکێک کە بەرژەوەندیپەرستە لە پشت ئەم پاڵاوگانەیە و پێدەچێت رێگربێت لەوە".

بەشی زۆری ئەو پاڵاوگانە لە دەرەوەی ستاندارد و یاسای کارکردنی پاڵاوگەدان، پاشماوەکانیان دەڕژێتە خاک و ئاوی ئەو ناوچانەی لێی دروستکراون و دووکەڵیشیان بەبێ فلتەر تێکەڵ بە هەوا دەکرێت.
 
بەرپرسانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان مانەوە و بەردەوامیی پاڵاوگەکان بە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر سروشت و ژینگە دەزانن، پێشتریش بۆ بڕیاری داخستنیان هەر ئەمان رۆڵیان هەبوو. 

هەندرێن شێخ راغب، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە باس لەوە دەکات "(پاڵاوگە نایاساییەکان) زیانی زۆریان گەیاندووە بە دەوروبەری خۆیان و ئەو سنوورەی کاری تێدادەکەن. بەشێک لەو نەخۆشیانەی بڵاون و بەشێک لە تێکچوونی تەندروستیی خەڵکی ئەو ناوچانە، هۆکارەکەی بۆ ئەو پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە، ئەمانە پێمان دەڵێن کە زیانی زۆریان  هەبووە بۆ ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتیان، داتا و ئامارەکانیش وامان پێدەڵێن. راپۆرت و بەدواداچوونی لیژنەکانمان هەیە کە چوونەتە شوێنەکان، کاتێک ئەنجامەکانی کارکردنی ئەو پاڵاوگانەمان پێدراونەتەوە بۆمان دەرکەوتووە زیانی زۆر گەورەیان لە ژیان و تەندروستی خەڵک و ژینگەی ناوچەکان داوە".


توانا کەمال، دانیشتووی گوندی چەقڵاوایە لە سنووری ناوچەی تانجەڕۆی سلێمانی، تەمەنی 34 ساڵە و بەشی زۆری ژیانی لەو گوندە بەسەربردووە، ئەو دەڵێت لەدوای ساڵی 2003ـوە دروستبوونی کارگەکان لە نزیک گوندەکەیان هەراسانی کردوون و ژمارەیەکی زۆر گوندنشین بەهۆیانەوە نەخۆش کەوتوون.

توانا کەمال باسی نەخۆشییەکانی خەڵکی ناوچەکەی دەهات کە بەگوتەی خۆی لەدوای دروستکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان تووشیان بووە و، دەڵێ "خەڵک هەیە نەخۆشە، خەڵک هەیە تووشی رەبووە بووە، خەڵک هەیە تووشی شێرپەنجە بووە، دووکەڵ و بۆنێک دەردەکات کەس نازانێت لە کوێوە دێت، هەمووان دەڵێن هی ئەوان نییە، بەڵام هەمووشیان هەیانە، خەڵک هیلاکە بەدەست هاتووچۆ و  خەرجیی نەخۆشخانە".
 
پاڵاوگە نایاساییەکان هەر ئەو نەوتە دەپاڵێون کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەردەهێندرێن و رۆژانە بە رێگەی نایاسایی بە تەنکەر پێیان دەگات، بەشی زۆری بەرهەمەکانیشیان گازە، کە ئەمیش بۆ کارپێکردنی مووەلیدە ئەهلییەکان بەکاردەهێندرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە