سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە تورکیای نوێ

09-07-2018
هێمن لهۆنی
هێمن لهۆنی
نیشانەکردن تورکیا هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەردۆغان
A+ A-

لە دوای گشتپرسی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، پەیوەندییە سیاسییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لەوپەڕی باشییەوە بۆ وەستان رۆیشت. بەرپرسانی باڵای هەولێر زۆر هەوڵیاندا لە ماوەی ساڵی رابردوودا بتوانن ئەو پەیوەندییانە جارێکی دیکە ببەنەوە قۆناخی جاران، بەڵام زۆر سەرکەوتوونەبوون. ئەمجارە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە تازە هەڵبژێردرایەوە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، لە پاڵ سەرۆکی وڵاتان بە شەخسی خۆی دەیەوێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بەشداربێت لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونەکەیدا. وەک ئاماژەیەک کە تورکیای نوێ دەیەوێ لەگەڵ هەولێر پەیوەندییەکانی چاکبکاتەوە. 

  تورکیای نوێ تورکیای ئەردۆغانە نەک ئاکپارتی

 

 


چەند کاژێرێکی دیکە تورکیای دراوسێ دەچێتە قۆناخێکی نوێی گەورەی مێژوویی، بە گۆڕینی سیستەمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی. لە هەمانکاتدا لەگەڵ گۆڕینی سیستەمەکە، لە سیاسەتی دەرەوە و ئابووری و ناوخۆییش قۆناخێکی نوێ دەبینین. 

لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیران، ئەردۆغان توانی لە دوای 16 ساڵ حکومکردن و سەرەڕای خراپبوونی باری ئابووریش 4.5 ملیۆن دەنگ زیاتر لە هەموو هەڵبژاردنێک بەدەستبهێنێت، بەجۆرێک دەنگەکانی زیاتربوون لە ئاکپارتیش. زۆر کەس چاوەڕوانی دەکرد ئەم هەڵبژاردنە ئەردۆغان بکەوێ و زۆریشی لەسەر نووسرا، بەڵام وادەرنەچوو. ئێستا لە هەر دوو کەس لە تورکیا یەکێکیان ئەردۆغانییە. بۆیە تورکیای نوێ تورکیای ئەردۆغانە نەک ئاکپارتی. ئەم هەڵبژاردنەش پێش هەموو وڵات و لایەنێک ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی بێئومێدکرد، کە تەنانەت دروستکردنی هاوپەیمانی گەورە و یەکبەرەیی رزگاری نەکردن.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەوە رووندەکەنەوە، کە ئەردۆغان نەک تاکو 2023 بەڵکو تاکو 2029 بەپێی دەستووری هەموارکراو دەتوانێ رێبەرایەتی تورکیا بکات و تازە لە هەڵبژاردندا نادۆڕێت.
  واشنتن بۆی روونبووەتەوە بەمزووانە ئەردۆغان لە دەسەڵات ناڕوات


ئەردۆغان رۆژی دووشەممە 9ی تەممووز، لە مەراسیمێکی گەورەدا سوێند دەخوات و چاوەڕواندەکرێ رۆژی دواتر تورکیا گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی دەرەوە بەخۆیەوە ببینێت. لە ماوەی رابردوودا ئەنقەرە لە پەیوەندییەکانی دەرەوە رووبەڕووی زۆر کێشەی گەورە بووبوو، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکە تاکو دەگاتە هەرێمی کوردستان.

گۆڕانکارییەکان لە ئێستاوە هەستیانپێدەکرێ؛ ئەردۆغان لەگەڵ ئەمریکا بەتایبەتی دوای نەخشەڕێگەی منبج دەیەوێ لەسەر ئەو رێگە بڕوات و زۆر لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ تێکینەدات. چاوەڕوانیش دەکرێ تورکیای نوێ دەستپێشخەری هەبێ بۆ واشنتن بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانیان بەتایبەتی لە ئازادکردنی ئەو ئەمریکییانەی لە زیندانەکانی تورکیادان. لە بەرامبەردا واشنتن زۆر مەبەستیەتی تورکیای نوێ لەو نزیکتر نەبێ لە رووسیا، بۆیە سەرەڕای گوشارەکانی ناوخۆ و دەرەوە، واشنتن سوورە لەسەر پێدانی فڕۆکەی ئێف 35 و هەروەها رێککەوتن لەسەر باکووری سووریا. واشنتنیش لە قۆناخی نوێدا زیاتر ریاڵیستانە مامەڵە دەکات و لە ئەنقەرە زیاتر نزیکدەبێتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی بە باشی بۆی روونبووەتەوە کە بەمزووانە ئەردۆغان لە دەسەڵات ناڕوات. هەروەها ئەمریکا لە قۆناخی داهاتوودا چاوی زیاتر لە تورکیا دەبێت بۆ ئەوەی بەکاریبهێنێت دژی ئێران.

یەکێتیی ئەوروپاش بۆ مەسەلەی کۆچبەران بەردەوام دەبێ لە قبوڵکردنی زۆر مەرجی تورکیا، بە هیچ شێوەیەک نایەوێ لە ئەنقەرە دووربکەوێتەوە. چاوەڕواندەکرێ لە قۆناخی نوێ جارێکی دیکە ئەندامبوونەوەی تورکیا لەو یەکێتییە ببێتەوە باس و خواس. 

  ئەنقەرە پێیوایە دەبێ بەغدا هەتاهەتایە پاداشتی بداتەوە

رووسیاش هەموو ئامانجی ئەوەیە تورکیا لە ناتۆ دەربهێنێت و ئەو رێکخراوە لەڕێگەی پرۆژەیەکی زۆری وەبەرهێنان و سەربازی بۆ ئەنقەرە، لاواز بکات. بۆیە ڤلادیمیر پووتین یەکەمین لە سەرۆکەکان بوو کە پیرۆزبایی دەرچوونەوەی لە ئەردۆغان کرد و ستایشی سەرکردایتیکردنی کرد. ئەنقەرە و مۆسکۆ دەخوازن بازرگانی ساڵانەیان بگەیەننە 100 ملیار دۆلار. مۆسکۆ زۆر شت لە تورکیا قبوڵدەکات کە رەنگە بەدڵیشی نەبێت، بەتایبەتی لە سووریا.

لە ناوچەکەش، ئێران کە رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازی دەڕوات زۆر پێی گرنگە تورکیای نوێی ئەردۆغان وەکجاران پشتیوانی بێ، بەتایبەتی لە دوای گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا. تاران ئامادەیە لە قۆناخی نوێدا زۆر شت بۆ ئەنقەرە بکات، وەک یەکێک لەو دەروازانەی کە تاران دەبەستێتەوە بە بازاڕی جیهان و سووککردنی گەمارۆکانی سەری. لە زۆر کاتدا بانکەکانی تورکیا هاوکاری باشی ئێران بوون. 
  دوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو، بەغدا لاوازتر دەبێ لە بەرامبەر ئەنقەرە


سەبارەت بە پەیوەندی بەغدا و ئەنقەرەش کە زۆر ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، ئێستا لە قۆناخێکی مامناوەنددایە. ئەنقەرە پێیوایە دەبێ بەغدا هەتاهەتایە پاداشتی بداتەوە، چونکە بە هەموو پێوەرەکان گشتپرسیی کورستان بە هاوکاری تورکیا سەردەکەوت و، ئەوە ئەنقەرەیە کە نەیهێشت هەولێر سەرکەوتوو بێت. عەبادی زۆر هاواری کرد و خۆی وانیشاندا بەرامبەر تورکیا تووندە، بەڵام نەک سەربازێکی تورکیا لە بەعشیقە نەکشایەوە، بەڵکو سەربازەکانی تورکیا لە برادۆستن و پێشڕەویش دەکەن، بەغدا بۆ مەسەلەی سیادەی وڵاتەکەی نوزەی نایەت. لە داهاتووشدا بەغدا لاوازتر دەبێ لە بەرامبەر ئەنقەرە بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو.

هەموو چاویان لە تورکیایە بەهۆی ئەو جوگرافیا سیاسییەی هەیەتی و ئەو رۆڵەی دەیگێڕێ لە ناوچەکە، ئەگەر سلبی بێ یان ئیجابی، ئەگەر بۆ کورد باش بێ یان نا. هەروەها تازە دەستوەردانەکانی ئەنقەرە لە سووریا و عێراق بوونەتە ئەمری واقیع، ئەگەر فراوانتر نەبن هەرگیز کەمتر نابن. ئەوانەش زۆر هەڵەن وابزانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری لەو دەستوەردانانە دەکات.

  داخستنی ئاسمانی سلێمانی نموونەیەکی باشە کە بزانین ئەگەر پەیوەندییەکان تێکبدەین کێ زیاندەکات


ئەگەر لەو وێنەیەی سەرەوە بڕوانینە پەیوەندی هەولێر و ئەنقەرە تێدەگەین کە چەندە گرنگە. بمانەوێ و نەمانەوێ، خۆشترین رۆژەکانی هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانی ئەو کاتانەبوون کە پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە باشبوون. هەروەها خۆشترین کاتەکانی تورکیاش ئەو کاتانەبوون کە پرۆسەی ئاشتی بە نێوەندگیری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچوون. کەس چاوەڕوان ناکات لەوەی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە هەبێ، چونکە تورکیا دەوڵەتێکی بەهێزی گەورەیە و کوردستانیش ئەکتەرێکی لاوازی نادەوڵەتی.

 

  خۆشترین رۆژەکانی خەڵکی کوردستان ئەو کاتانەبوون پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە باشبوون



باشبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە هەمانکاتدا لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، داخستنی ئاسمانی سلێمانی لە لایەن ئەنقەرەوە نموونەیەکی باشە بۆ ئەوەی بزانین ئەگەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە تێکبدەین کێ زیاندەکات. ئەی ئەگەر رۆژێک لە رۆژان سنوورەکەی دابخات و خواردنی رۆژانە نەیەت؟ 

  نابێ بەرپرسانی کوردستان دەرفەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەدەستبدەن

هەر کەسێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێبگات و تەماشای رابردوو و هێزی هەرێمی کوردستان بکات، دەبێ پێشوازی لە باشبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەولێر بکات. ئەگەر هاتوو دەستپێشخەری چاکبوونەوەی پەیوەندییەکانیش ئەردۆغان خۆی بێ (کە ئێستا هەموو شتێک خۆیەتی) لەڕێگەی ئەو بانگهێشتە تەلەفۆنییەی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەوا هەنگاوێکی گرنگە و نابێ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەدەستیبدەن. ئەم هەنگاوە بکرێتەوە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی سەردەمی خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیری زیاتر بۆ تورکیا و باکووری کوردستان لەڕێگەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و تەبایی.

تورکیای نوێ تورکیایەکی زۆر بەهێزتر دەبێ لە جاران لە ناوچەکەدا، بەهێزتریش دەردەکەوێ پاش ئەوەی کە ئێران رۆژ بە رۆژ لاواز دەبێت. بۆیە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەنقەرە هەبێ لەم سەردەمە نوێیەدا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە