ژنێکی دووگیان لە سلێمانی: هاوژینەکەم لە گەرماو نەوتی پێداکردم و سووتاندمی

رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی دووگیان لە سلێمانی سووتاوە، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە کەسوکاری تۆماریان کردووە، دەڵێت "هاوژینەکەم بە فێڵ منی بردە گەرماو و سووتاندمی"، پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند "هاوژینەکەی گیراوە و تاوەکو ئێستا حاشا لەوە دەکات هاوژینی خۆی سووتاندبێت." 
 
رۆژی شەممە (8ـی حوزەیرانی 2024) جەزا جەوهەر، باوکی ژنەکە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسیی سلێمانی بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت "زاواکەم کچەکەمی سووتاندووە، هەڕەشەشی لێکردووە ئەگەر بڵێ سووتاندوویانم، باوکی دەکوژین، چەند رۆژ لەمەوبەریش برۆ و سەری کچەکەمی تاشیوە." 
 
بەگوتەی جەزا جەوهەر، کچەکەی ساڵێک و چوار مانگە هاوسەرگیریی کردووە و تەمەنی 17 ساڵە، دەشڵێت "من ئاگاداری ئەوە نەبووم پێشتر کێشەیان هەبووە، بەڵام کوڕەکە خۆشەویستی دیکەی هەبووە، ئەوەش بووەتە هۆی کێشەکەیان، بۆیە داواکارم لە حکومەت هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە سووتاندنی کچەکەمدا هەبووە، بە سزای خۆیان بگەیەنێت." 
 
ئاڤان تەمەنی 17 ساڵە و دووانەیەکی لە سکدایە، لە گرتەڤیدیۆیەکدا کە کەسوکاری لە نەخۆشخانە تۆماریان کردووە و بۆ رووداویان ناردووە، دەڵێت "هاوژینەکەم لەسەر کچێک کە پێشتر پەیوەندی لەگەڵدا هەبووە، منی سووتاند، بەردەوام دەڵێ تۆ تەڵاق دەدەم و هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکە دەکەم." 

 

 
لەبارەی چۆنیێتی سووتاندنەکەی، ئەو ژنە دەڵێت؛ "هاوژینەکەم لە گەرماو بوو، گوتی وەرە پشتم بشۆ، منیش چوومە گەرماو و لەوێ نەوتی پێداکردم و سووتاندمی، داواکارم حکومەت مافی من لە هاوژینەکەم، ئەو کچە و خەسووم بسەنێت و بگیرێن." 
 
بە گوتەی جەزا جەوهەر، کچەکەی دووانەیەکی لە سکدا بووە، "ئێستا هەردوو منداڵەکەی مردوون" و 85٪ـی جەستەی کچەکەشی سووتاوە، وەکو باوکی دەڵێت؛ "دۆخی تەندروستیی زۆر خراپە و ئەگەر هەیە نەمێنێت." 
 
زیاتر روونیدەکاتەوە؛ "بۆ ئەو کێشەیە؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە سەر هێڵ و زاواکەمان گیراوە، داواکارم خەسووی کچەکەم و ئەو کچەش کە پەیوەندیی لەگەڵ زاواکەم هەیە، بگیرێن و بە سزای خۆیان بگەن." 
 
 
لە بەرامبەردا، کاکەلاو عەبدوڵڵا، خەزووری ئاڤان بە رووداوی گوت "کاتێک رووداوەکە روویداوە، کەسمان لە ماڵەوە نەبووین، تەنیا هاوژینەکەم و بووکەکەم نەبێت، پێش ئەوەی لەگەڵ کوڕەکانم بگەڕێینەوە ماڵ، محەممەدی کوڕم کە هاوژینی ئاڤان خانە، چووبوو بۆ عیادە و دوای سۆنار، دکتۆر پێی گوتبوون یەک لەو دوو کۆرپەلەکەی نێو سکی مردووە." 
 
کاکەلاو عەبدوڵا دەڵێت "پێدەچێت کاتێک گەڕابنەوە ماڵەوە، ئاڤان بەو هەواڵە بێتاقەت بووبێت و چەند جارێک بە محەممەدی کوڕمی گوتووە دەچم بۆ گەرماو و ئەویش گوتوویەتی مەچۆ، دواتر کە کوڕەکەم رۆیشتووەتە مزگەوت ئاڤانیش زۆر پێداگیریی کردووە بۆ چوونە گەرماو، کوڕەکەم گوتوویەتی بچۆ، دواتر کە گوێی لە هاوار و قیژە بووە، رایکردووە و بینیویەتی دووکەڵ لە گەرماوەکە دێتە دەرەوە، بە شەق دەرگاکەی شکاندووە و چووەتە ژوورەوە، سەرەتا ویستوویەتی بە بەتانی بیگوژێنێتەوە و نەیتوانیوە، دواتر سۆندەی ئاوی هێناوە و گوژاندوویەتییەوە." 
 
 
لەبارەی تاشینی برۆ و قژی ژنەکە، خەزووری دەڵێت؛ "دووەم رۆژی سووتانەکەی لە نەخۆشخانە چووم بۆلای بووکەکەم، پێی گوتم 'سیحرم لێکراوە و ئافرەتێک پێی گوتووم سەر و برۆت بتاشە و خۆم بە مەکینەی سەرتاشینی محەممەد تاشیومە'، دواتر روونی دەکاتەوە مەبەستی لە ئافرەتەکە ئەو کچە بووە، کە گوایە لەگەڵ محەممەدی کوڕی پەیوەندی هەیە."
 
ئاڤان لە گرتە ڤیدیۆکەیدا بەردەوام باسی کچێک دەکات کە لەگەڵ هاوژینەکەی پەیوەندی خۆشەویستی هەیە، بە گوتەی کاکەلاو عەبدوڵڵا؛ "ئەو ژنەی باسی دەکات کەسێکی وەهمییە و نە ژمارە و نە وێنەیەکی هەیە و نە ئێمەش دەیناسین، بەڵام نازانم کوڕەکەم ئەو ژنە دەناسێت یان نا، بۆیە من بە کەسێکی وەهمی دەزانم و تاوەکو ئێستا ئەو کچەم نەبینیوە."
 
بەو جۆرەی خەزووری ئاڤان دەیگێڕێتەوە، پێشتر هاوژینەکەی جارێک ناردوویەتەوە بۆ ماڵی باوکی و دەشڵێت؛ "ماوەیەک لەمەوبەر محەممەدی کوڕم پێی گوتم لەگەڵ ئاڤان بەیەکەوە هەڵناکەین و با بچێتەوە بۆ ماڵی باوکی، پەیوەندیمان بە باوکی کرد و هات بردییەوە، 15 رۆژێک لە ماڵی باوکی بوو، بەڵام هەموو رۆژێک تەلەفۆنی بۆ دەکردم و دەیگوت وەرن بمبەنەوە، محەممەدی کوڕم دەیگوت ئەگەر بیهێنییەوە نایبەمەوە لای خۆم و با لە ماڵی ئێوە بێت، چونکە ئێمە بەیەکەوە ناگونجێین، بەڵام دوای چەند رۆژێک لەسەر ویستی کوڕەکەم چووین هێنامانەوە، لەوە زیاتر من ئاگاداری هیچ کێشەیەکیان نیم، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەو بووکەمان بۆخۆی خۆی سووتاندووە." 
 
پێشەوا بەختیار لەگەڵ راوێژکاری قوباد تاڵەبانی قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە "قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو کەیسە هاتووەتە سەر هێڵ راستەوخۆ خۆی چاودێری بەدواداچوونەکان دەکات، ئێستا هاوژینی ژنەکە گیراوە و لە بنکەی پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، دادوەری ئێشکگر چووەتە نەخۆشخانە و گوتەی لە ژنەکە وەرگرتووە." 
 
هاوکات گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە پەیامنێری رووداوی گوت، لێکۆڵینەوە لەگەڵ گیراوەکە بەردەوامە و "تاوەکو ئێستا دانی بەوەدا نەناوە کە هاوژینەکەی سووتاندووە و حاشای لێدەکات".